شارپرێس:
دەستەی دەسپاکیی فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند کە ڕەشنووسی چەند یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتیی ئامادە کردووە بەمەبەستی گێڕانەوەی پارە دزراوەکان و دەستگیرکردنەوەی تۆمەتباران لە دەرەوەی وڵات.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی گێڕانەوە لە دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەشێک لە وڵاتان بەهۆی یاسا ناوخۆییەکانیان، بەرژەوەندیی ئابووریی یان پێدانی مافی پەنابەریی بە گەندەڵکاران، هاوکاریی عێراق ناکەن، بۆیە بەغدا پەنا بۆ دانوستان و ڕێگەی بەدیل دەبات.
هاوکات ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ژمارەیەک ڕێکاری نوێی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی ڕاگەیاند، کە لەوانە ڕێککەوتن لەگەڵ سەرۆک وەزیران بۆ سووکردنی سزای ئەو تۆمەتبارانەی بە ویستی خۆیان پارە دزراوەکان دەگێڕنەوە.
ئەنجوومەنەکە فەرمانیشی کردووە بۆ گێڕانەوەی نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکی کەیسی "دزیی سەدە" کە بە غیابی سزای دە ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە، و تا ئێستا نزیکەی 280 ملیۆن دۆلار لەو کەیسەدا گێڕدراوەتەوە.
جگە لەوەش، دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، بووە هۆی ئاشکراکردنی تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی و دەستبەسەرکردنی 67 بەرپرس و پەرلەمانتار و بازرگان.
گەندەڵی لە عێراق بە یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکان دادەنرێت کە لە ساڵی 2003 زیاتر لە 500 ملیار دۆلار زیانی گەیاندووە.