وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشدارییەکی توند دەداتە تورکیا

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 322 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سەرلەنوێ دژایەتیی وڵاتەکەی بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازیی تورکیا لە سوریا دووپاتکردەوە و بوونی ئه‌و بنکانەی وەک هێڵی سور بۆ ئیسرائیل وەسف کرد. 

ساعر لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فرانس 24 ڕایگەیاند کە ئیسرائیل پابەندە بە پاراستنی دۆخی ئێستا و بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکات بنکەی سەربازیی تورکیا لە ناو خاکی سوریادا دروست بکرێت. 

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەڵوێستەیان لە ترسی دووبارەبوونەوەی ئەزموونی گەشەسەندنی هەژموونی ئێرانییە لە لوبنان و کەرتی غەززە. 

ئەم لێدوانانەی ساعر دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل لە 18ی ئابی ڕابردوودا هێرشی ئاسمانیی کردە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی ئه‌بو زوھور لە گوندەواری ئیدلب، بەو پاساوەی کە دەیەوێت ڕێگریی لە دروستکردنی پێگەی سەربازیی تورکیا لەو شوێنەدا بکات.

 ڕاشیگەیاند کە ئیسرائیل بە چڕی چاودێریی پەرەسەندنی دەسەڵاتی ئێرانی کردووە و نایەوێت هەمان سیناریۆ لەگەڵ تورکیا لە سوریادا دووبارە بێتەوە، لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە ئیسرائیل هیچ بەرژەوەندییەکی لە ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیادا نییە و ڕێگەچاره‌ی دیپلۆماسی پێباشترە.