ئێران لەڕێگای پەرەپێدانی هێڵێکی ئاسنەوە لەگەڵ چین، کاریگەرییەکانی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا کەمدەکاتەوە

جیهان

03/10/2026‌ 273 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئێران لە دوای گرژییەکانی هاتوچۆی دەریایی و فشارەکان لەسەر ڕێگاکانی بازرگانیی کلاسیکی، هەوڵ دەدات ڕێڕەوی جێگرەوە لە ڕێگەی سنوورەکانی باکوورەوە فراوان بکات. یەکێک لەو ڕێڕەوانە، ڕێڕەوی شەمەندەفەری نێوان ئێران و چینە کە بەپێی وتەی بەرپرسانی ئێرانی، ماوەی گواستنەوەی بار لە نزیکەی 45 تا 50 ڕۆژ بە دەریا، بۆ نزیکەی 15 ڕۆژ کەم دەکاتەوە.

ئەم ڕێڕەوە لە بەندەری وشکانی "پێشگامان" لە پارێزگای یەزد دەست پێدەکات و بە بەندەری وشکانی ئیسفەهانەوە تێدەپەڕێت، پاشان لە تورکمانستان و کازاخستانەوە دەگاتە بەندەری وشکانی ییوو لە چین. بەڵام جیاوازیی ستانداردەکانی هێڵەکانی شەمەندەفەر لە هەندێک بەشدا وای کردووە کۆنتێنەرەکان لە هەندێک خاڵدا لە شەمەندەفەرێکەوە بۆ شەمەندەفەرێکی تر بگوازرێنەوە، کە دەبێتە هۆی دواکەوتنی گواستنەوە.

کێشەی سەرەکیی تر، توانای کەمە. شەمەندەفەرێک نزیکەی 1000 تەن بار هەڵدەگرێت، لە کاتێکدا کە کەشتییە باربەرەکان دەتوانن بڕێکی زۆر گەورەتر بگوازنەوە، هەر بۆیە لە ماوەی ڕابردوودا چاوەڕوانی بۆ ناردنی بار لەم ڕێڕەوە دروست بووە.

ئێران هەروەک هەوڵیداوە بە گەڕاندنەوەی کۆنتێنەرەکان بە بار لە هەردوو ئاڕاستەدا، تێچووی گواستنەوە کەم بکاتەوە. پێشتر زۆرجار کۆنتێنەرەکان دوای گەیاندنی بار بە ئێران بەبەتاڵی دەگەڕانەوە، بەڵام لە ماوەی 7 تا 8 مانگی ڕابردوودا هەندێک بار لە ئێرانەوە بۆ چینیش نێردراوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئێران بەهۆی کەمبوونەوەی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و فشارەکانی ئەمریکا، زیاتر پشت بە ڕێگاکانی وشکانیی ئاسیا دەبەستێت. لەم بارودۆخەدا، خواردن، دەرمان، کەرەستەی تەندرووستیی و ماددەی سەرەتایی بەرهەمهێنان بوونەتە پێشینەی هاوردە.

بەڵام سنوورداریی توانای شەمەندەفەر، کێشەی سنوورەکان، سزا ئابوورییەکان و تێچووی بەرزی گواستنەوە، پرسیاری ئەوە دەخەنەڕوو کە ئایا ئەم ڕێڕەوە دەتوانێت بە شێوەیەکی بەردەوام بەشێک لە پشتبەستنی ئێران بە بازرگانیی دەریایی جێگرەوە بکات، یان تەنیا ببێتە چارەسەرێکی گران بۆ دابینکردنی کاڵاکان.