بزانە نەخۆشیی شەکرە ساڵانە چی زیانێک لەئابوریی جیهان دەدات

ئابوری

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 835 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نەخۆشیی شەکرە وەک تێکچوونێکی مێتابۆلیکی درێژخایەن، کاریگەرییەکی قورسی خستووەتە سەر ئابووریی جیهان و تەندرووستیی گشتی، چونکە لە هەر 10 کەسێکی پێگەیشتوو یەکێکیان تووشبووە.

 
توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ شیکاری سیستەمی کارپێکراوی IIASA  و زانکۆی ڤیێنا بۆ 204 وڵات ئەنجامدراوە، پێشبینی دەکات لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2050 تێچووی جیهانیی ئەم نەخۆشییە بەبێ چاودێریی نافەرمی بگاتە 10 تریلیۆن دۆلار، کە یەکسانە بە 0.2%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان.

بەڵام کاتێک تێچووی چاودێریی خێزانیی و کشانەوەی چاودێرانی نەخۆش لە بازاڕی کار هەژمار دەکرێت، ئەم ژمارەیە بۆ 152 تریلیۆن دۆلار بەرز دەبێتەوە.

ئەمریکا، چین و هیندستان زۆرترین تێچووی داراییان لەسەرە، بەڵام کۆماری چیک بە ڕێژەی 0.5%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی، گەورەترین بارگرانیی ئابووریی نیشتمانی لەسەر شانە.

 توێژینەوەکە دەریخستووە کە شەکرە مەترسیی مردن بە کۆرۆنای زیاتر کردووە و بارگرانیی ئابوورییەکەی لە وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئەڵمانیا و چین دوای پەتاکە بەرزبۆتەوە. تێچووی شەکرە تەنانەت لە شێرپەنجە و ئەلزەهایمەریش زیاترە.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە، پسپۆڕان جەخت لەسەر گرنگیی شێوازی ژیانی تەندرووست، وەرزش، خۆراکی هاوسەنگ و ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە دەکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە مادی و تەندروستییەکانی ئەم نەخۆشییە.