شارپرێس:
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی بەریتانی کە لەلایەن ڕۆژنامەی تێلیگرافەوە بڵاوکراوەتەوە،
دەریخستووە کە زۆر مانەوەی منداڵانی ساوا لەبەردەم شاشەکاندا زیانێکی گەورە بە
توانای ئاخاوتن و گەشەی ژیرییان دەگەیەنێت.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە
منداڵانی تەمەن 2 ساڵ لەبەریتانیا رۆژانە بەتێکڕا نزیکەی 127 خولەک لەبەردەم تەلەفزیۆن
و ئامێرە زیرەکەکاندا بەسەر دەبەن، کە ئەمەش دوو هێندەی ئەو کاتەیە کە ڕێکخراوی تەندروستی
جیهانی پێشنیاری کردووە.
ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخستووە ئەو منداڵانەی رۆژانە 5 کاتژمێر لەبەردەم شاشەدان،
ئاستی وشەسازییان زۆر لاوازترە و وشەی کەمتریان لەچاو ئەو منداڵانە لا کۆبۆتەوە کە
کەمتر لەکاتژمێرێک شاشە دەبینن.
شارەزایان پێیان وایە ئەم دیاردەیە کاتی گفتوگۆی ڕاستەقینە لە نێوان منداڵ
و دەوروبەرەکەی کەم دەکاتەوە، کە بنەمای سەرەکی فێربوونی زمانە. جگە لە کێشەی
زمان، دەرکەوتووە 39%ی ئەو منداڵانەی زۆر سەیری شاشە دەکەن، تووشی کێشەی ڕەفتاری و
سۆزداریی دەبن.
هەروەها توێژینەوەکە جەخت دەکاتەوە کە منداڵانی خێزانە کەم دەرامەتەکان زیاتر
کات لەبەردەم شاشەدا دەفەوتێنن، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر نمرەکانی خوێندنەوە
و ماتماتیکیان لە داهاتوودا دروست دەکات.