سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئیسرائیل بەردەوامە لەڕوخاندنی باڵەخانەکانی کەرتی غەززە

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2382 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وێنە ووردەکانی مانگی دەستکرد کە لەلایەن رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ەوە شیکراونەتەوە، دەری دەخەن کە ئیسرائیل بەردەوامە لە ڕووخاندنی باڵەخانەکان لە کەرتی غەززە، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر ڕێککەوتنی ئاگربەستدا.

 
بەپێی وێنەکانی کۆمپانیای "پلانت لابس"، لە دوای دەستپێکردنی ئاگربەست لە ئۆکتۆبەری ڕابردووەوە، زیاتر لە 2500 باڵەخانە وێران کراون.

ئیسرائیل ئەم کارانە بە تێکدانی تونێلەکان و ماڵە بۆمبڕێژکراوەکان بۆ داماڵینی چەک لە غەززە ناو دەبات، لە کاتێکدا زۆربەی ڕووخاندنەکان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل (هێڵی زەرد) ئەنجام دراون، بەڵام دەیان باڵەخانەش لە دەرەوەی ئەو سنوورە وێران کراون.

وێنەکان دەریدەخەن کە گەڕەکی شوجاعیە و چەندین ناوچەی کشتوکاڵی بە تەواوی کراونەتە وێرانە.

بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە کە ڕووخاندنەکان بە شێوەی هەڕەمەکی نین و هەندێکجار باڵەخانەکان بەهۆی تەقاندنەوەی تونێلەکانەوە دەڕووخێن. 

لە بەرانبەردا، شارەزایانی سەربازیی ئیسرائیلی پێشوو و بەرپرسانی فەڵەستینی ڕەخنە لەم وێرانکارییە گشتگیرە دەگرن و بە پێشێلکردنی ئاگربەستی دەزانن.

 ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدایە کە پلانی دۆناڵد ترەمپ جەخت لەسەر لەناوبردنی تەواوی ژێرخانە سەربازییەکانی حەماس دەکاتەوە.