سبەینێ‌ گەڕی دوەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران بەڕێوەدەچێت

جیهان

04/07/2024‌ 3140 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیژنەی نیشتمانی هەڵبژاردنەكانی ئێران ئاشكرایده‌كات، لەكاتژمێر 8ی بەیانی ئەمڕۆوە وادەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان بۆ هەردوو كاندیدی سەرۆكایەتی كۆتایهاتوەو سبه‌ینێش خه‌ڵكى وڵاته‌كه‌ ڕوو له‌سندوقه‌كانى ده‌نگدان ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ دیاریكردنى سه‌رۆكێكى نوێ بۆ ئێران.


هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە(30) حوزەیرانی ڕابردوو دەستیپێكرد، دوای ئەوەی ئەنجومەنی پاراستنی دەستور، دروستی‌و پاكی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی گەڕی یەكەمی دوپاتكردەوە كە ڕۆژی (28) حوزەیرانی ڕابردوو بەڕێوەچوو.

لەگەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێراندا، چوار كاندید كێبڕكیان كرد، ئەوانیش (مستەفا پور محەمەدی، سەعید جەلیلی، محەمەد باقر قالیباف، مەسعود پزشكیان)، به‌ڵام هیچ كام لەكاندیدەكان دەنگی پێویستیان نەهێنا لەگەڕی یەكەمدا.

به‌گوێره‌ى ده‌ستورى ئێرانیش، هه‌ر كاندیدێك نه‌یتوانى 50+1ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت، ده‌بێت هەڵبژاردن بچێته‌ گەڕی دوەمه‌وه‌، به‌و هۆیه‌شى كە مەسعود پزشكیان ده‌نگى یه‌كه‌م‌و سەعید جەلیلی ده‌نگى دوه‌م بوو به‌جیاوازیه‌كى كه‌م، بۆیه‌ له‌گه‌ڕى دوه‌مدا ته‌نها ئه‌و دوو كاندیده‌ كێبڕكێ دەكەن لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی ئێران، هه‌ربۆیه‌ لەگەڕی دوەمی هەڵبژاردنەکان هەر یەکێک لەدوو كاندیده‌ زۆرترین ڕێژەی دەنگ بەدەستبهێنێت، دەبێتە سەرۆک کۆماری ئێران.

موحسین ئیسلامی وتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران وتویه‌تى، "هەوڵدەدەین لەکاتژمێرە سەرەتاکانی ڕۆژی شەممە، 6ی تەمموز ئەنجامی کۆتایی‌و فەرمیی هەڵبژاردن ڕابگەیه‌نین".
 
وەزارەتی ناوخۆی ئێرانیش ئاشكرایكردوه‌، زیاتر لە 61 ملیۆن‌و 452 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەلایەکی دیکەوە، ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچونی گەڕی دوەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە تەواوکراون.
 
هاوكات تەحان نەزیف وتەبێژی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوری ئێرانیش وتویه‌تى:"هەموو ڕێکارە پێویستەکان بۆ بەڕێوەچونی گەڕی دوەمی هەڵبژاردنەکە جێبەجێکراون‌و پرۆسەکە وەکو گەڕی یەکەم دەبێت".

دەستەی هەڵبژاردنی ئێرانیش باسى له‌وه‌كردوه‌، لەو 61 ملیۆن‌و 452 هەزار کەسەی مافی دەنگدانیان هەبوە، زیاتر لە 24 ملیۆن‌و 535 هەزار کەس بەشداریی هەڵبژاردنیان کردوەو ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک نزیکەی 40% (39.96%) بوە.