مەترسی هەیە ئێران وڵاتانی کەنداو بکاتە ئامانج

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3871 جار خوێندراوه‌ته‌وه



دوو سەرچاوە بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندووە، وڵاتانی کەنداو هەوڵییانداوە لە کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیەدا لە دەوحە دڵنیایی بدەنە ئێران لەسەر بێلایەنییان لە ململانێکەی نێوان تاران و ئیسڕائیلدا، ئەمەش لە نێوەندی نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە کەوتنەوەی ململانێیەکی فراوانتر کە ڕەنگە مەترسی لەسەر دامەزراوە نەوتییەکان دروست بکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا، سەرچاوەکان دەڵێن، وەزیرانی وڵاتانی کەنداو و ئێران لە کۆبوونەوەکەی وڵاتانی ئاسیادا کە قەتەڕ میوانداری کردووە، سەنگی گفتوگۆکانییان کەمکردنەوەی گرژییەکان بووە.

ماڵپەڕی هەواڵی ئاکسیۆس ڕۆژی چوارشەممە لە زاری بەرپرسانی ئیسڕائیلەوە بڵاویکردەوە کە ئیسڕائیل دەتوانێت ناوەندەکانی بەرههێنانی نەوت لە ناو ئێراندا بکاتە ئامانج وەکو تۆڵەکردنەوەیەک.

یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت، کەمکردنەوەی گرژییەکان بەپەلە یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی ئێستا.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ و وەزارەتی دەرەوەی ئێران و وەزارەتی دەرەوەی ئیماڕات و وەزارەتی دەرەوەی کوەیت و ئۆفیسی ڕاگەیاندنی حکومەتی سعودیە لێدوانییان لەو بارەیەوە نەداوە.

ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ناوەندە نەوتییەکانی کەنداوی نەکردووە بەڵام هۆشداریداوە لەوەی ئەگەر " پشتیوانیکاران لە ئیسڕائیل " دەستوەربدەن ئەوا ڕاستەوخۆ بەرژەوەندییەکانییان لە ناوچەکەدا دەکرێنە ئامانج.

عەلی شیهابی شرۆڤەکاری سعودی نزیک لە کۆشکی شاهانەوە دەڵێت" وڵاتانی کەنداو پێیان وایە کە پێناچێت ئێران هێرش بکاتە سەر ناوەندەکانی نەوتییان، بەڵام ئێرانییەکان لە سەرچاوەی نافەڕمییەوە ئاماژە دەدەن کە ڕەنگە ئەوە بکەن. ئەوە ئامڕازێکە کە ئێران لەبەردەستیدایە دژی ئەمەریکا و ئابووری جیهان."