كوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌رگاى گرده‌كه‌یان كرده‌وه‌

کوردستان

15 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 15588 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ئه‌و بانگهێشتنامه‌یه‌ى ئاراسته‌ى میدیاكان كراوه‌، بڕیاروایه‌ سبەینێ هه‌ینى مەکۆی نوێی سەرەکی گۆڕان لەسلێمانی بکرێتەوە، ئه‌مڕۆش کوڕانی نەوشیروان مستەفا دەرگای گردەکەیان کردەوە.


بڕیاروایه‌ سبەینێ لەمەراسیمێکدا بینای نوێی بزوتنەوەی گۆڕان کە مەکۆی سەرەکی پێ دەوترێت لەگەڕەکی کوردسات لەشاری سلێمانی بکرێتەوەو دانا ئەحمەد مەجید ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان پێشوازیی لەگۆڕانخوازان دەکات.

هاوکات هەر ئەمڕۆ کوڕانی نەوشیروان مستەفا بڕیاریاندا دەرگاکانی گردەکە بکەنەوە ئەوەش دوای ئەوەی وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر دانانی ڕێکخەری نوێی گۆڕان تەواوی دەرگاکانیان داخست‌و دەوامیان لەگردەکە بۆکاتێکی نادیار ڕاگرت.

بزوتنەوەی گۆڕان بەسەرۆکایەتی دانا ئەحمەد مەجید بەتەواوی لەگردی زەرگەتە هاتونەتە خوارەوەو بڕیاروایه‌ سبەینێ دەرگای بینای سەرەکی مەکۆی گۆڕان بەفەرمی بەڕوی هاوڵاتیان‌و گۆڕانخوازاندا بکەنەوە.

کەسێکی نزیک لەدانا ئەحمەد مەجید ڕێکخەری ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان به‌شارپرێسى وت:"ئێمه‌ بێئاگایین لەو ڕاگەیەندراوەى گوایه‌ ده‌رگاى گرده‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ بڕیارمانداوە سبەینێ هەینی لەگەڕەکی کوردسات مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەکە بکەینەوە".

وتیشى:"ئێمە بڕیاری کۆتایی خۆمانداوەو جارێکی دیکە ناگەڕێینەوە گردی زەرگەتە؛ چونکە هەفتەیەکە دەسەڵاتمان وەرگرتوە کەچی دەرگای مەکۆی گردەکە بەڕوماندا داخراوە".