گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا لافاوو بارانبارینی بەخوڕ زیاد دەكەن

ڕاپۆرت

23/09/2024‌ 3097 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارەزایان هۆشداری دەدەن لە كاریگەری گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر زیادبوونی زریان و لافاو، هەروەها هۆكاری ئەو بڕە زۆرە بارانبارینەی كە لە ئێستادا نەمسا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپی گرتوەتەوە بۆ گۆڕانی كەشوهەوا دەگەڕێننەوە و ئاماژەشیان بەوە كردووە كە بڕەكەی زیاتر و چڕتر بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی دیاردەی گەرمبوونی جیهانە و هۆشداریش دەدەن لە لێكەوتەی جددیتری لە داهاتوودا دەبێت.

توێژینەوەكانی كەشوهەوا لەسەر ئەوە كۆكن كە بارانبارینی بەخوڕ لە زۆربەی ناوچە كیشوەرییەكان بە تایبەتی لە ئەوروپا بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە.

ئەو بارودۆخە توندەی كەشوهەوا كە نەمسا لەم دواییانەدا بەخۆیەوە بینیوە، پێویستی گرنگیدان بە گونجاندن لەگەڵ گۆڕانی كەشوهەوا پشتڕاست دەكاتەوە هاوكات لەگەڵ كاركردن بۆ بەهێزكردنی ڕێوشوێن و سیاسەتەكانی پاراستنی كەشوهەوا، دوای ئەوەی نەمسا لەم دواییانەدا بەر ڕەشەبای بەهێز و بارانبارینی بەخوڕ و لافاو كەوت، كە هاوكات بوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی گۆڕانی كەشوهەوا بە تایبەت دوای ئەوەی وڵاتەكە گەرمترین هاوینی لە مێژووی پێوانەكردنی پلەی گەرمیدا لە ماوەی ٢٥٨ ساڵدا بەخۆیەوە بینی.

ڤییەنای پایتەخت ڕیكۆردێكی نوێی تۆماركرد بۆ ژمارەی ڕۆژە گەرمەكان، كە تیایدا پلەكانی گەرما لە 30 پلەی سەدی تێپەڕدەكەن و دەگاتە 47 ڕۆژی گەرما.

ڕاپۆرتەكانی دەسەڵاتی خزمەتگوزارییەكانی كەشوهەوا پشتڕاستیان كردەوە كە تێكڕای پلەی گەرمی ساڵانە لە نەمسا لە ماوەی ساڵانی ١٩٩١-٢٠٢٠ بە بەراورد بە ماوەی كەشوهەوای ئاسایی ١٩٦١-١٩٩٠ بە ڕێژەی ١.٤ پلەی سەدی بەرزبووەتەوە.

لەم ماوەی دوایدا ویلایەتەكانی ڕۆژهەڵاتی نەمسا ڕووبەڕووی شەپۆلێكی توندی كەشوهەوا بوونەتەوە‌و لافاوێكی وێرانكەری لێكەوتەوە  كە حكومەت ناوچەی كارەساتباری ڕاگەیاند و ڕێگەی بە دەستێوەردانی سەربازانی سوپا دا بۆ هاوكاریكردن لە كارەكانی فریاگوزاری و ڕزگاركردن و گواستنەوەی هەزاران دانیشتوو، بەهۆی بەردەوامی بارانبارینی بەخوڕ بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ.

كارەساتی لافاوەكە كە كاریگەری لەسەر ویلایەتێكی نەمسا هەبووە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زۆر كەس و هاوكات لەگەڵ پاشەكشەی ئاوی لافاوەكەش ژمارەی قوربانیان بەرزبووەتەوە كە زۆربەیاخنكاون.

كارەساتی لافاو نەك هەر ئازارێكی زۆری مرۆڤی لێكەوتەوە، بەڵكو زیانێكی گەورەی لێكەوتەوە لە كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداریدا، جگە لە مردنی هەزاران ئاژەڵی كێوی.