تاوانی نازییەکانی ئەڵمانیا لە رۆمانی شەترەنج دا

هەمەڕەنگ

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 427 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئەردەڵان عەبدوڵڵا

نۆڤلێتی شەترەنج یەکێکە لە کارە جوانەکانی رۆماننووس و نووسەری ناوداری نەمساوی شتێفان تسڤایگ، ئەم نۆڤلێتەی چ لە رووی شێواز و چ لە رووی ناوەڕۆکەوە، مایەی گرنگی پێدانی جیهانە. نووسەر هەوڵیداوە لە رێگەی نۆڤلێتێکی بچووکەوە، باسی گەورەترین تاوانی نازییەکان بکات کە دەرهەق بە گەلی جوو کردوویانە. دیارە زۆر باسی چەتەگەریی و بەربەریەتی رژێمی ئەڵمانیا لە جەنگی دووەمی جیهانی کراوە، چۆن بە دڕندەترین شێوە پەلاماری گەلان و نەتەوەکانی ئەوروپایان داوە، بەڵام ئەم نۆڤلێتە باسی لایەنێکی تری ئەو تاوانانە دەکات و دیوێکی ناشیرین و دژە مرۆیی تری ئەم رژێمەمان پیشان دەدات. 

ناوەڕۆکی نۆڤلێتەکە

میرکۆ چینتۆڤیج کوڕی  بەلەوانێکی هەژارە، گوندەکەیان، گوندێکی  دوورە دەستە لەسەر رووباری دانۆب لە یۆگۆسلاڤیای پێشوو. لە تەمەنی 12 ساڵیدا باوکی دەمرێت، دواتر قەشەی گوندەکە، ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی دەگرێتە ئەستۆ، میرکۆ خوێندکارێکی تەمبەڵ بوو، بۆیە بە ناچاری قەشەکە لە ماڵەوە هەوڵ دەدات فێری خوێندنی بکات. هەوڵی زۆری لەگەڵ دەدات تاوەکو پیت و ژمارەکانی فێر بکات، بەڵام بێسوودە، مێشكی کوڕەکە هیچ وەرناگرێت. راستە منداڵێکی ئارام و بێدەنگ بوو، بەڵام هەتا بڵێیت تەمبەڵ بوو، هەتاوەکو کارێکیان پێ نەکردایە، هیچی نەدەکرد، ئەمەش قەشەکەی نیگەران و خەمبار کردووە. هەمووکاتێک قەشەکە لەگەڵ هاوڕێیەکی شەوانە یاریی شەترەنج دەکەن، میرکۆش بەبێ دەنگی بە دیاریانەوە دادەنیشێت.

شەوێکیان قەشەکە لەگەڵ هاوڕێکەیدا یاری دەکەن، لەپڕ بۆ مەراسیمی مەرگی ژنێک بانگدەکرێت، هاوڕێکەی خەریکە بڕوات، بەڵام سەیری  میرکۆ دەکات، بەوپەڕی جدیەتەوە سەیری شەترەنجەکە دەکات، ئەویش پێیدەڵێت، دەزانیت یاری بکەیت؟ ئەویش سەری بۆدەلەقێنێت. دواتر کە یاری دەکەن، بەرچووی میرکۆ دەردەکەوێت. ئەمەش دەبێتە موژدەیەکی گەورە بۆ ژیانی ئەم مێردمنداڵە، ئیتر قەشەکە کە دەگەڕێتەوە،  باسی زیرەکی میرکۆ، بۆ هاوڕێکەی دەکات. دواتر دەیبەن بۆ شارۆچکەکە و لەوێ لەگەڵ کۆمەڵێک یاریزانی بەهێزی شارۆچکەکە یاری دەکات و لە هەموویان دەباتەوە، لێرەشەوە ئیتر بەرچووی ئەم مێردمنداڵە دەردەکەوێت و لە ماوەیەکی ئێجگار کورتدا ناوبانگی هەموو یۆگۆسلاڤیا و دواتری جیهانیش دەگرێتەوەو دەبێتە بەهێزترین و بەناوبانگترین یاریزانی شەترەج لە هەموو جیهاندا. 

 هەتاوەکو شەوێکیان لەسەر کەشتیەک کە لە نیویۆرکەوە بەرەو بۆینس ئایریس دەڕوات، کۆمەڵێک کەس دەناسێت و یارییان لەگەڵدا دەکات، یەکێکیش لەوانە: بەڕێز «ب» کە خەڵکی ڤییەننایە و پارێزەرێکە، لە بنەماڵەیەکی ناوداری جووی نەمساوییە، بەڵام بە داگیرکردنی نەمسا لەلایەن ئەڵمانیاوە، ئیتر ژیانی ئەم پارێزەرە گەنجە دەبێتە دۆزەخ و دەستگیر دەکرێت. 

لە زاری بەڕێز «ب» ەوە دەڵێت:

«من لەگەڵ کۆمەڵێکی دیکە نەبووم کە تۆڵە لە جەستە و رۆحیان دەکرایەوە، بەڵکو لەگەڵ کۆمەڵێکی دیکە بوو، ئەو گرووپەی نازیەکان چاویان لە دەرهێنانی پارەو زانیاریی گرنگ بوو لێیان. بڕوانە لاپەڕە 52.

ئەم پارێزەرەو کۆمەڵێک کەسی تر لە دوو ژووری میوانخانەی میترۆپۆل، کە گەورەترین میوانخانەی ڤییەنا بوو، دەستگیر دەکرێن. 

لێرە بۆ ماوەیەکی زۆر بەڕێز«ب» بەتەنها دەخرێتە زیندانێکی ئینفرادییەوە، ئیتر بە تەواوەتی ژیانی تێکدەچێت، هەتاوەکو رۆژێکیان کاتێک دەچێت بۆ ژووری لێکۆڵینەوە، دەتوانێت کتێبێک بدزێت کە ئەویش کتێبی «فێربوونی شەترەنج»ە. ئیتر ئەم کتێبە ژیانی لەو بێدەنگی و بۆشاییە رزگار دەکات و دەستدەکات بە یارییکردن لەگەڵ خۆی. پاشماوەیەک هێندە یاری لەگەڵ خۆی دەکات، تووشی حاڵەتێکی دەروونی خراپ دەبێت و دەبرێت بۆ نەخۆشخانە. لێرەش پزیشکێکی باش، دەتوانێت لە چنگی نازییەکان رزگاری بکات. پاشان شەوێکیان لەسەر کەشتییەکە ئەو کەسانە دەناسێت، لەگەڵ میرکۆ دەکەونە یارییکردن. بەڵام بەهۆی باری خراپی دەروونییەوە، یارییەکە بە میرکۆ دەدۆڕێنێت، ئەمەش کۆتایی نۆڤلێتەکەیە.

بابەتە گرنگەکانی ناو رۆمانەکە

ئەم رۆمانە باسی کۆمەڵێک بابەتی گرنگ دەکات لە پێش هەموویانە: (چەتەگەریی و دڕندەیی رژێمی نازی ئەڵمانیا، شێوازی کوشتن و ئازاردانی خەڵکی بێتاوان بەتایبەتی جووەکان.) بەڵام لە هەموویان گرنگتر باسی « شەترەنج، زیندانی ئینفرادی» پانتایی گەورەی رۆمانەکە پێکدەهێنن.

شەترەنج
هەر لە ناوی رۆمانەکەوە هەست بەوە دەکەین یاری» شەترەنج» پانتایی گەورە لەم رۆمانەدا داگیر دەکات، لە چەندین شوێندا، باسی شەترەنج و یاسا و رێساکانی ئەم یارییە گرنگە دەکات.
  
-شەترەنج تاکە یارییە بەسەر ستەمی چانسدا سەردەکەوێت و خەڵاتەکەی تەنیا دەبەخشێتە رادەی ژیری مرۆڤ، یان باشترە بڵێین بە جۆرێکی دیارییکرا و لە بەهرەو زیرەکی. بڕوانە لاپەڕە 23

شەترەنج تاکە یارییە کەسەر بە هەموو گەلان و هەموو سەردەکەمانە، کەس نازانێت ئەو خوداوەندە کێیە کە بەخشیویەتی بە جیهان. بڕوانە لاپەڕە 23.

زیندانی ئینفرادی

لەپەنا شەترەنجدا، زیندان بەتایبەتی زیندانی ئینفرادی، پانتایی گەورە لەم رۆمانە داگیر دەکات، نووسەر زۆر شارەزاییانە توانیویەتی وەسفێکی گشتگیری ئەو زیندانانە بکات، کە دەخرێنە زیندانی ئینفرادییەوە. 

-هیچ شتێک نییە بیکەین، هیچ شتێک نییە سەیری بکەین، هیچ شتێک نییە گوێی لێ بگرین، جگە لە بۆشاییەکی سەرگێژکەر هیچ شتێک نییە لە دەوروبەرمان، بێووچان بە ژوورەکەدا دەسووڕاینەوە، بەردەوام لە بیرکردنەوەدا بووین. بڕوانە لاپەڕە 52.

هیچ شتێک نەبوو  ئەوەی هەبوو  عەدەبم بوو لە باڵاترین فۆرمی خۆیدا. بڕوانە لاپەڕە  58.


دوا قسە

بەدڵنیاییەوە ئەم نۆڤلێتە یەکێکە لە کارە جوان و ناسراوەکانی ئەم نووسەرە ناسراوەی نەمسا و جیهان، ئەوە مایەی دەستخۆشییە، کە ناوەندی رۆمان کۆمەڵێک بەرهەمی ئەم کەڵە نووسەرەیان کردووە بە کوردی، هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم نۆڤلێتێک یان بەرهەمێکی ئەم کەڵە نووسەر بکەم بە کوردی.