بۆچی رۆژئاواییەکان بە گەیشتنی مووشەکی بالیستی ئێرانی بۆ روسیا نیگەرانن؟

جیهان

12/09/2024‌ 1003 جار خوێندراوه‌ته‌وه



بەرپرسانی ڕۆژئاوا جەخت لەوەدەکەنەوە کە ئێران بەکرداری مووشەکی بالیستیی کورتمەودا (فەتح 360)ی ڕادەستی ڕووسیا کردووە و پێشبینی دەکرێت بەم نزیکانە ئەو چەکانە لە شەڕی بەردەوامی ئۆکرانیادا بەکاربهێنرێت.

 هەندێک لە ڕاپۆرتەکان باس لەرادەستکردنی 200 مووشەکی بالیستیک بە رووسیا دەکەن کە مەودایان دەگاتە 75 میل، هەرچەندە ئێران ڕەتیکردۆتەوە ئەو کارەی  کردبێت، بەڵام بەرپرسێکی باڵای ڕۆژئاوا جەختی لەوەکردۆتەوە کە بەڕاستی مووشەکەکان گەیشتوونەتە ڕووسیا.

 مووشەکە بالیستیکییەکانی ئێران دەتوانن لە شەڕی ئۆکرانیادا چ جیاوازییەک درووست بکەن کە رۆژئاواییەکان ئەوەندە بە بەدەستهێنانی لەلایەن رووسیاوە نیگەرانن؟

ئەو بەرپرسە باڵایەی ڕۆژئاوا دەڵێت: ئەمە نیشانەیەکی باش نییە، بەوپێیەی ئەو چەکانەی کە ڕووسەکان لە ئێران بەدەستی دەهێنن، مووشەکی بالیستیکی کورت مەودان، ڕووسەکان مووشەکی دوور مەودای خۆیان لە دژی ئەو ئامانجانە بەکاردەهێنا کە تاڕادەیەک نزیک (لە سنوورەکانیان) دادەنران. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، “مووشەکەکانی ئێران وادەکەن رووسەکان مووشەکە دوورمەوداکانی خۆیان لەدژی ئامانجە دوورەکانی وەک لڤیڤ لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا، بۆ ناوچە جیاوازە مەدەنییەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا بەکاربهێنن، لەنێویاندا دامەزراوەی وزە کە بەهۆیەوە لە دۆخێکی سەختتردا دەبن لەوەی ئێستا هەیە .”

دەشڵێت: لە ڕاستیدا ڕێگایەک دەبینین کە دوو ئاراستەی پێچەوانەی هەیە، ئێرانییەکان ئەم مووشەکانە دەدەنە ڕووسیا و لە هەمان کاتدا دەزانین کە ڕووسەکان زانیاریی دەدەن بەئێرانییەکان، لەوانەش ئەو زانیاریانەی کە پێویستیانە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی خۆیان.”