هێرشکرایە سەر هەسەدە

کوردستان

12/09/2024‌ 1095 جار خوێندراوه‌ته‌وه



 بارەگا و خاڵە پشکنینەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێرەزۆر چەندین هێرشیان کرایە سەر و تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە.

 سەرچاوەیەکی سەربازی لە دێرەزۆرەوە بە ئاژانسی نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، چەکدارە نەناسراوەکان بە گوللەی ئار پی جی و دۆشکە بارەگایەکی سەربازی هێزەکانی هەسەدەیان کردە ئامانج لە شارۆچکەی دیبان لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی لێبکەوێتەوە.

 هێرشێکی هاوشێوە خاڵێکی پشکنینی لە شارۆچکەی جەزرەت ئەلبوهامید لە ڕۆژئاوای دێرەزۆر کردە ئامانج تەنها زیانی ماددی هەبوو.

 بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، چەکدارانی نەناسراو هێرشێکی دیکەیان کردە سەر بارەگایەکی سەربازیی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شارۆچکەی ئەبو ئەلنیتال لە باکووری دێرەزۆر، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی تۆماربکەن.

 تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە، لە ناوچەیەک کە شانەکانی داعش تێیدا چالاکن.