بافڵ تاڵەبانی: بۆ پزیشکیانمان دووپاتکردەوە ڕێگانادەین لەهەرێمەوە هێرشبکرێته سەر ئێران

کوردستان

12/09/2024‌ 929 جار خوێندراوه‌ته‌وه



سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بەخۆشحاڵییەکی زۆرەوە پێشوازیمان لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، سەردانە مێژووییەکەی پزیشکیان گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ عیراق، هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەم سەردانە درێژکراوەی پەیوەندییە قووڵ و لەمێژینەکەی نێوان ئێمە و گەلی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە مام جەلال ئەندازیار و بناغەدانەری بووە.

بافڵ تاڵەبانی لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، لەدیدارەکەمان لەگەڵ پزیشکیان جەختمان لە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە بەرامبەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت گەلی ئێرانی دۆست و دووپاتمانکردەوە، رێگەنادەین و نامانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە جێگەیەک بۆ هێرشکردنەسەر سەروەرییەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵکو ئەوەی ئامانجمانە و هەنگاوی بۆ دەنێین فراوانترکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دێرینەکەمانە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکاندا.

دەشڵێت، لەدرێژەی دیدارەکەدا سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی سەرکردایەتیی و گەلی ئێران کرد کە لە سەرجەم قۆناغە سەختەکاندا هاوکار و پشتیوانی خەڵكی كوردستان بوون، هەروەها لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنی داعشدا، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان گێڕا و هاوخەباتی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە بوون. ئاماژەشمان بەوەکرد، ئێمە هاوکاری و برایەتیی دۆستەکانمان لەیادناکەین و درێژەپێدەری ئەو سیاسەتە دەبین کە مام جەلال پەیڕەوی دەکرد و ئامانجەکەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و هاوبەشەکان بوو.