شارپرێس:
مەسعود بارزانی داوا دەكات لەدوای جەژنی قوربان لایەنە
سیاسییەكانی هەرێم بە دڵسۆزی و هەستی نیشتیمانپەروەرانەوە بەیەكەوە كۆببننەوە و
ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بكەن و كۆتایی بەم دۆخە نالەبارە سیاسییە بهێنن.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامی
پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی قوربان بڵاودەکاتەوەو دەڵێت،" لەو ساتە هەستیار و
چارەنووسسازەدا پەیامم بۆ لایەن و هێزە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە كە هەموو لایەك
بیر لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان
لەسەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسك دابنێن ".
مەسعود بارزانی
لەپەیامەکەیدا بۆ لایەنە سیاسییەکان دەشڵێت،" واز لەو ململانێیە بێ ئەنجامە
و ئەو خۆخۆرییە بێنن كە ماوەیەكە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بەدەستیەوە دەناڵێنێت
".
هاوکات، بارزانی رایدەگەیەنێت،" داوا دەكەم لەدوای
جەژنی پیرۆزی قوربان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بە دڵسۆزی و هەستی نیشتیمانپەروەرانەوە
بەیەكەوە كۆببننەوە و ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بكەن و كۆتایی بەم دۆخە
نالەبارە سیاسییە بهێنن. ئەمە ئەركێكی ویژدانی و نەتەوەیی و نیشتیمانییەو پێویستە
هەموو لایەك بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و بگەڕێنەوە سەر ڕێگەی
ڕاست ".
ئەوەشیخستەڕوو،"هیوادارم ئەم جەژنە دەستپێكێك بێت بۆ
باشتربوونی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و تێپەڕبوونی گرفتە سیاسییەكان و هەروەها بەرقەراربوونی
ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكەمان و سەرانسەری جیهان ".
