شارپرێس:
حزبوڵڵاى عێراقى پهیامێكى توند بڵاودهكاتهوهو تێیدا هێرشدهكاتهسهر پێشمهرگهو بهتوندیش وهڵامى موقتهدا سهدر دهداتهوه، سهركردهیهكى ئهو گروپهش دهڵێت:"دەستبەرداری چەکەکانمان نابین، چونكه لاى ئێمه بژاردەیەكی ستراتیژییهو سازشی لەسەرناكەین".
ئەبو عەلی عەسكەری بەرپرسی ئەمنی میلیشیاى حزبوڵڵای عێراقى لەپەیامێكدا لەئێكس نوسیویهتى، "با هەموو جیهان بزانێت، چەكەكانمان سپاردەی ئیمامی مەهدیەو بڕیاری وازهێنانیش لێی، تەنها بەدەستی ئەوە".
دهشڵێت، "زەحمەتترین دۆخ كە كەسانی شەرهفمەندو ئازاد پێیدا تێپەڕبن ئەوەیە، گوێیان لەداوێن پیس بێت باس لەپاكێتیو شەرەف بكات، لەشورەییەكانی دونیاش ئەوەیە، ناپیاوو ژنانی، بڕیار لەوە بدەن، چەكی بەرەنگاری دەبێت چۆن بێت".
ئەو بەرپرسەی حزبوڵڵا دەشڵێت:"پێویستە ئەوانەی گومانی باشیان پێدەبەین، قسە لەسەر چەكی داگیركەری ئەمریكاو بنكەكانی بكەن، باس لەچەكی داگیركەری توركیا بكەن لەوڵات، باس لەچەكی پێشمەرگە بكەن كە پەیوەیستە بەقەوارەی ئیسرائیلیهوه".
لێدوانەكهى عەسكەری دوای ئەوەدێت، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانى شیعه، هەینی ڕابردوو، جەختی لەبایکۆتی هەڵبژاردنی داهاتوو کردەوەو داوای هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانو داماڵینی چەکەکانی کردن، لەچەند ڕۆژی ڕابردوشدا، نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق، جارێكی تر داوای لەبەرپرسان كرد، سنورێك بۆ گەندەڵی دابنێنو چەك لەدەستی دەوڵەتدا كۆبكەنەوەو ڕێگە لەدەستوەردانی دەرەكی بگرن.
