شارپرێس:
شاندێکی پارتی یەکسانیو دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بەسەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان، لەزیندانی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکیی پەکەکە دەکات.
پێبشینیدەکرێت سەردانەکە پەیوەندیی هەبێت بەو پەیامەی ئۆجەلان كه بڕیارە لەمڕۆژانهدا بڵاوی بکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە بڕیارە هەر سبهینێ یان دوسبهى، ژمارەیەک لهگهریلاكانى پهكهكه لەچوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا، لەڕێوڕەسمێکدا بەئامادەبونی لایەنە پەیوەندیدارەکانو بەبەرچاوی میدیاکانەوە چەکەکانیان دابنێن.
هەرچەندە پێشتر بڕیاربوو، شاندی دەم پارتی دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ ڕەجەب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا سەردانی ئۆجەلان بکەن، بەڵام سەردانەکەی ئیمراڵی پێش کۆبونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان خراوە بەبێئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرابکرێت.
شاندەکەى دهم پارتى پێکهاتوه لەپەروین بوڵدان پەرلەمانتاری دەم پارتی، میدحەت سانجار پەرلەمانتاری دەم پارتی، ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ پارێزەر، دوای سەردانەکەش بڕیاروایە، دەم پارتی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاوبکاتەوە.