بوژانەوەی شیعەگەرای ناسیۆنالیستی

توێژینەوە و شیکاریی

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2908 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ بەختیار ئەحمەد ساڵح:

پێشەکی
زبیگنیو برژینسکی بیرمەندی ستراتیژی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠٠٤دا هۆشداریدا لەوەی هەر فشارێکی سەربازی یان سیاسی دەرەکی بۆ سەر ئێران دەتوانێت ببێتە هۆی تێکەڵبوونی بیری ناسیۆنالیستى ئێرانى لەگەڵ شیعەگەرایی سیاسی، ئەمەش هێزێکی گەورە دروست دەکات کە کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەمە. لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسرائیل بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئامانجەکانی ناو خاکی ئێران و بەشدارى کردنى ڕاستەوخۆى ئەمریکا لە شەڕەکەدا، تا ئاستێکى زۆر پێشبینییەکەى هێنایە دی. ئەم نوسینە هەوڵدەدات دینامیکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لێکەوتەى ئەم هێرشەکە شیبکاتەوە و نیشانى بدات کە چۆن هێرشی دەرەکى دەتوانێت ببێتە هۆی بەرجەستەبوونى شوناسێکی پێکهاتەیی بەرگریکار بە نزیکردنەوەى شیعەیەکى بریندار و ئێرانێکى هەڕەشەلێکراو.

یەکەم: تێڕوانینی برژینسکی سەبارەت بە ناسنامە یەکتربڕەکان
برژینسکی لە وتارەکەیدا لە ساڵی ٢٠٠٤دا بە ناوی "ئێران: کاتی ڕێبازێکی نوێ/ Iran: Time for a New Approach " دەڵێت: ئامانجی ستراتژیکی ئەمریکا دەبێ جیاکردنەوەی ناسیۆنالیزمی ئێرانى بێت لە شیعەگەرایی بناژۆخواز، لەبەر ئەوەى بەتێکەڵکردنیان هێزێکی گەورە دروست دەبێت کە دەتوانێت هەموو شتێکی دەوروبەری ناسەقامگیر بکات. (Zbigniew Brzezinski The National Interest, 2004).

برژینسکی لە وتارەکەى هۆشداری دەدات لەوەی کە شوناسە جیاکراوەکانی ئێران لە ڕووی مێژووییەوە- ناسیۆنالیزم (بە ڕەگ و ڕیشەی ئاریایی-ساسانی) و ئایینی (شیعەگەرایی دوانزە ئیمامى)- ئەگەر وڵاتەکە بخرێتە ژێر گوشاری توندی دەرەکییەوە، دەببێتە هۆی سەرهەڵدانی شوناسێکی بەرگرى تێکەڵاو.

دووەم: هێرشی ئیسرائیل و چالاککردنی میکانیزمی تێکەڵبوونی شوناس
هێرشە سەربازییەکەی ئیسرائیل بە تایبەتی لە نێو کەشوهەوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی غەززە و لوبنان، بەشداری کرد لە کاراکردنەوەی هەستی بەکۆمەڵی ئێرانی بۆ بوونى هەڕەشەی دەرەکی، کە خاڵێکی ناوەندییە لە کۆمەڵناسی سیاسی ئێراندا. ئەم هەڕەشەیە:
1.    دوژمنی دەرەکی وەک جوڵێنەرێک بۆ شوناسە نێژراو و لەیادکراوەکان پێناسە دەکاتەوە.
2.    لە ژێر پەردەی بەرگریکردن لە نیشتمان، شەرعیەتێکی نوێ بە سیستەمی سیاسی دەداتەوە.
3.    گێڕانەوەی مەزوڵومییەتى شیعە بەهێزتر دەکات بە بەستنەوەی بە مەزڵومییەتى فەلەستینەوە.

لێکەوتەکانی هێرشەکەی ئیسرائیل:


سێیەم: شوناسی دووانەى شیعە و ئێرانی بریندار
شوناسێکی برینداری شیعە، کە بە نادادپەروەری مێژوویی (کەربەلا، غەییب بوونى ئیمام، شەڕی غەززە و هتد) خۆراکى پێدەدرێت، کاتێک لەگەڵ شوناسێکى ئێرانی هەڕەشەلێکراو (نەتەوەیی، کولتووری و شارستانی) تێکەڵ دەکرێت، نەخشێکی نوێی بەرگرى سیمبۆلیک دروست دەکات  بەو ناوەڕۆکەى کە شیعەکان خاوەنی پڕۆژەیەکی بەرگری عەقیدەیین و ئێران خاوەنی پڕۆژەی بەرگریی مەدەنییە، ئەمەش وا دەکات دەسەڵات بتوانێت خەڵک لە دەوری چەمکەکانی وەک نادادپەروەری، سەروەرى نەتەوەیی کۆبکاتەوە.

چوارەم: لێکدانەوەى هەڵە لەهەڵسەنگاندنی قووڵایی دەروونی-مێژووییدا
ئیسرائیل و زۆرێک لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان پێی وابوو کە زەمینە ڕەخساوە بۆ ئەوەى ئێران لە ناوەوە بتوانێت ڕژێم بگۆڕیت و تەنها پێویستى بە هاندانێکى دەرەکییە. ئەگەر چی هاندانەکە زیاتر لەوەش بوو کە چاوەڕاون دەکرا لە ڕێگەى هێرشەکەى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەڵام وەک دەرکەوت هەڵە تێگەیشتنێت هەبوو، لەبەر ئەوەى دەستوەردانە دەرەکییەکە وەک بریژنسکی پێشبینی کردبوو زیاتر لە لێک نزیکبوونەوەى دروست کرد تا دوو بەرەکى (ڕەنگە ئەزمونە شکست خواردووەکانى دەستوەردانى دەرەکى لە عێراق و ئەفغانستان و لیبیاش هۆکار بووبێت). ئەم بە هەڵە تێگەیشتنەش لەبەر ئەوەیە کە هەستى مەزڵوومییەت لاوازی دروست نەکرد، بەڵکو بووە هاندەرێک بۆ کۆبوونەوە لە دەورى یەکترى و یەکگرتوویی نەتەوەیی وبەهێز بوونى هەستى بەرگرى.

پێنجەم: لێکەوتەى چاوەڕوانکراوی ناوچەیی
1.    سەرهەڵدانەوەی گوتاری بەرگرى لە میحوەرى موقاوەمەدا: لوبنان (حزبوڵڵا)، عێراق (هێزەکانی حەشدی شەعبی)، یەمەن (ئەنسار الله).
2.    کەمبوونەوەى دەنگە ناوخۆییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە بەرامبەر دروشمی بەرگریکردن لە ئێران.

دەرەنجام: گەڕانەوەی ڕۆحی مەزڵومییەتى نەتەوەیی
هێرشی ئیسرائیل، بە پێچەوانەی ئامانجەکانی، بووە هۆى نزیک کردنەوەى بیری ناسیۆنالیستى و ئایین لەسەر بنەماى بەرگرى، پێشبینییەکەی برژینسکی نەک هەر وەک هۆشدارییەک، بەڵکو وەک یاسایەک لە تێگەیشتن لە دەروونناسی سیاسی ئێراندا جێبەجێ دەبێت: کاتێک ناسنامەیەکی ئاڵۆز بە قەبارەى ئێران مەترسی لەسەر دروست دەبێت، ناڕووخێت؛ بەڵکو بە شێوەیەکی مەترسیدارتر بەیەکەوە گرێدەخوا.