فوئاد سدیق
هاواری "نان!" زۆر زیاتر لە
بانگەوازی ئازادی بەرزتر دەزرنگێتەوە؛ چونکە یەکەمیان بانگەوازێکی حەتمیی جەستەیەكی
برسییەو دووەمیان خولیایەکی ڕۆحە. بەڵام برسێتی، پێنووسی ڕاستەقینەی شۆڕشەکان بووە ، نەك رۆح.
بەر لەوەی وشە هەبێت، ژەم هەبوو، خواردن
هەبوو، هێشتا هیچ زمانێك لەسەر ئەم گۆی زەوییەو لەسەر هیچ هەسارەیەك نەپژابوو. . بەر لەوەی لۆژیک بئافرێندرێت،
دروێنەو كشتوكاڵ دەکرا. بەر لەوەی "شار" دابمەزرێت و سیاسەت سەرهەڵبدات،
"کشتوکاڵ" بنەما بوو. لە داستانی مەزنی گەشەکردنی هۆشیاریی مرۆڤدا، نان
پاڵەوانە بێدەنگ و لەسەرخۆکەی داستانەکەیە.
بەر لەوەی وشە بێتە کایەوە، خواست هەبوو،
ئارەزوو هەبوو. بەر لە تەلارسازییە مەزنەکانی یاسا، دادپەروەری و شوناس، ڕێزمانێکی
سادە و دڕندانەی بوون حوکمی دەکرد: پێش هەموو ئەمانە زەروورەتی خۆراک، واتە نان،
نان ئەمارەتی خۆی لەناو جەستەی هەموو مرۆڤەكاندا دامەزراندبوو. . ئێمە، دانیشتووانی شارە بەرزەکانی بیری ئەبستراکت، ئەم
ڕاستییەمان لە یاد کردووە. تاوەرەکانی ئایدیۆلۆژیامان ئەوەندە بەرز هەڵچنیوە کە
چیتر هەست بە لەرزینی ئەو زەمینە ناکەین کە لە ژێر پێماندایە. بەڵام زەمین دەلەرزی
و لەرینەوەکەشی دەنگی زگێکی برسییە.
نان تەنها سەرچاوەی بژێوی نییە، بەڵکو ئەو
چەقەیە کە بوونی ئێمەی لەسەر ڕاوەستاوە؛ ئەو خاڵە زەمینییەیە کە تێیدا پێداویستییە
ماددی و سەرەتاییەکانی جەستە، لەگەڵ بەرزترین ئاواتەکانی ڕۆحدا یەکدەگرنەوە. هەر
بۆیە، وردبوونەوە لە فەلسەفەی نان، وەک هەڵکۆڵینی خودی بنەماو بنچینەکانی
بیرکردنەوە، دادپەروەری و بوون وایە. چونکە لە ئامادەبوونیدا، دەرفەتی سەرهەڵدانی
شارستانییەت هەیە و لە نەبوونیشیدا، تەنها دڵنیاییەکی سارد و ڕەقی لەناوچوون
چاوەڕێمانە.
قووڵترین ڕاستی، ڕاستییەک کە تەخت و تاقەکان
دەهەژێنێت و ئاڵۆزترین خوانەکانی ئایینناسی پووچەڵ دەکاتەوە، ئەمەیە: هەرچی
شارستانییەتە، هەرچی ڕەوشتە، هەرچی ئایینە، لەسەر خوانێکی نان وەستاوەو لەسەر
خوانێكی نان چاكکراوە.
پرسی نان، پرسێکی ئابووری نییە. خاڵێکی ناو
بودجە نییە، کێشەیەکی زنجیرەی دابینکردن نییە، یان بابەتێک نییە بۆ موزایەدەی
سیاسی. مامەڵەکردن لەگەڵیدا وەک یەکێک لەمانە، گەورەترین کوفرە... چونکە پرسی نان،
پرسێکی بوونناسی (ئۆنتۆلۆژی)یە. نان چییە؟ تەنها ئاردی برژاو نییە. نان، یەکەم
پیتی ئەلفوبێی واقیعە. ئەو پەتکە ماددییەیە کە ناهێڵێت تەواوی پڕۆژەی مرۆڤایەتی
بەرەو بۆشایی بێ بن و ئەبستراکت هەڵبفڕێت.
پێویستییەکانی جەستە، راستگۆترین و حەقیقەتیترین
شتەكانە. تێرکردنی، مەرجی یەکەمی هەموو حەقیقەتەکانی دیکەیە. "گرێبەستی
کۆمەڵایەتی"، کە ڕۆسۆ و لۆک هێندە بە وردی باسیان لێوە کردووە، بەڵگەنامەیەکی
ئاڵۆزە، بەڵام لە ژێرەوە پەیمانێکی نەگوتراو و سەرەتاییتر پاڵپشتیدەکاتئەویش : پەیمانی
بژێوییە. بەڵێنی بێدەنگی هەر کۆمەڵگەیەک ئەوەیە کە بە یەکگرتنمان، سێبەری سامناک و
تاریکی برسێتی لەسەر یەکتر کەمدەکەینەوە. کاتێک کۆمەڵگە، کە دەوڵەت نوێنەرایەتیی
دەکات، لەم یەکەم پەیمانەدا شکستدەهێنێت، هەموو پەیمانەکانی دواتر—دەستوورەکان،
یاساکان، سوێندی وەفاداری—نابن بە قومێك ئاویش بۆ تینووەكان، بەڵكو دەبنە سەراب.
دەبنە درۆیەک کە لەسەر کاغەزێکی ناو ئاوو تەڕ بوو نووسرابن.
ئەگەر نان ڕاگری واقیع بێت، ئەوا برسێتی
هەڵوەشێنەرەوە گەورەکەیە. برسێتی، دۆخێکی سستیی ئازارچەشتن نییە؛ بەڵکو هێزێکی
چالاک و دڕندەی داماڵینە لە شارستانییەت. برسێتی فەیلەسوفێکی دڵڕەقە و تەنها یەک
وانەی سامناک فێری مرۆڤ دەکات: چیتر هیچ شتێکی دیکە گرنگ نییە. جا قەشەکان ، شێخ و سەیدو مەلاكان، لە
بەرانبەر ئەم ڕاستییە ڕووتەدا چیمان پێشکەشدەکەن؟ ئەوان بەڵێنی نانی بەهەشتمان پێ
دەدەن!
ئێمە وا دەزانین بە مێشکمان بیردەکەینەوە، لە
شانۆیەکی ڕووناکی ئەقڵی بێگەرددا. ئەمە جوانترین درۆی شارستانییەتە. ئێمە بە
مێشکمان بیرناکەینەوە؛ ئێمە لە ڕێگەی جەستەمانەوە بیردەکەینەوە. یەکەم بیری
جەستەش، ئەو وتە سەرەتایی و پێش-زمانەی، پرسیارێکە دەربارەی بەردەوامیی خۆی. ئەم
پرسیارە ناوێکی هەیە: ئەویش برسێتییە. وەڵامەکەشی، یەکەم وشەی
فەرهەنگی بوون، نانە.
نان ، خواردن نییە. خواردن پۆلێنێکی
زیندەوەرزانییە، لیستێکە لە پێکهاتە خۆراکییەکان. بەڵام نان، ماددەیەکی
مێتافیزیکییە. ئەو بەندەیە کە ڕۆح بە ئێسک و پروسکەوە گرێدەدات، ئەو لەنگەرەیە کە
کەشتیی هۆشیاری لە کەنارەکانی جیهانی بەرجەستەدا ڕادەگرێت. قسەکردن لەسەر نان، قسەکردنە
لەسەر خودی قەڵای بەرزو سەختی بوونگەرایی.
با کورتکردنەوەیەکی دیاردەناسییانە بکەین. با
هەموو کولتوور، هەموو سیاسەت و ئایدیۆلۆژیایەک دابماڵین. چی دەمێنێتەوە؟ تەنیا بوونەوەرێکی
گۆشتین دەمینێتەوە، بوونەوەرێک-لە-جیهاندا کە پڕۆژە سەرەکییەکەی، مانەوەیەتی. نان،
سرووتە پیرۆزەکەی ئەم مانەوەیەیە. خواردنی، پێکەوەبوونێکی ڕۆژانەیە لەگەڵ واقیعدا؛
ڕێوڕەسمێکە کە متمانەیەکی بنەڕەتی بە جیهان دووپات دەکاتەوە: من ئەمڕۆ لەناو ناچم.
فەلسەفەی سیاسیی کلاسیک، لە ئەفلاتونەوە تا
دەگاتە مارکس،لە ماركسیشەوە تا
دریداو ژیژەك، گیرۆدەی پرسیارێکی یۆتۆپیایی و سامناک بوونە:
"چۆن دەتوانین باشترین و دادپەروەرترین کۆمەڵگە بنیاتبنێین؟" ئەم
پرسیارە، هەرچەندە نیازپاکی لێ دەبارێت، بەڵام هەمیشە و بە ناچاری، بەرەو
ئەندازیاریی کۆمەڵایەتیی گشتگیر، ستەمکاری و سڕینەوەی کەرامەت و ئازادیی
تاکەکانمان دەبات. مێژوو شایەتحاڵی زیندووی ئەم کارەساتەیە.
با فەیلەسووفانی ڕەها بێدەنگ بن. با
لاهووتییەکانی ئەودیو چاویان شۆڕ بکەنەوە. زۆر دەمێکە مرۆڤایەتی بە تارماییەکان
جادوو کراوە، بەدوای دەنگدانەوەکاندا لە ئاسمانە بەتاڵەکانی ئەقڵی پەتی و ڕۆحی
بێجەستەدا ڕادەکات.
لێرەوە، لەناو ئەو مانیڤێستەدا ، ئاشكرای
دەكەین کە تەواوی تەلارەکانتان تارماییەکەو بە ڕاڕەوەکانی مێشکێکی تێردا دەگەڕێت.
ئێمە کڵێسا گەورەکانی دەرهاویشتنتان دەڕووخێنین بۆ ئەوەی بەردی بناخەی ژێرەوەی
ئاشکرا بکەین: ئەو ڕاستییە سادە، ترسناک، و ڕەهایەی کە نانە.
ڕاستی، جوانی، دادپەروەری، خۆشەویستی—ئەمانە
چەمکگەلێکن کە پێویستیان بە زیادەیەکی وزەی کالۆری هەیە تەنانەت بۆ ئەوەی لە
مێشکدا بهێڵرێنەوە. مرۆڤی برسی، پووچگەرای کۆتاییە، نەک بە هەڵبژاردنی خۆی، بەڵکو
بە پێویستییەکی مێتافیزیکی
دەبێت هەرەمی بیرکردنەوە پێچەوانە بکەینەوە..
لە بنکەکەیدا خودا نییە، ئەقڵ، یاسا نییە، بەڵکو نان هەیە.
بەڵام پرسیارێکی زۆر بنەڕەتیتر و مرۆڤدۆستانەتر
هەیە کە دەبێت بنچینەی هەر سیاسەتێکی ژیرانە بێت: "چۆن دەتوانین ئەو ئازار و نەهامەتییانەی
ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە، کەم بکەینەوە یان بنەبڕیان بکەین؟" ئەمە پرسیارێکی
نا یۆتۆپیاییە، پرسیارێکە لە داننان بە
ناتەواوی و هەڵەکاریی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت.
هاواری نان، یەکەم و دوا وشەی سیاسەتە. ئەو
واقیعە ڕەسەن و سەرەتاییەیە کە دەتوانین بڵێین هەموو گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان
لەسەر بنەماکەی نووسراوەتەوە. ئەو ڕاستییە دڕندانە و حاشاهەڵنەگرەیە کە هەرچی
بینای ئەبستراکتە، تێکدەشکێنێت. کاتێک ئەم هاوارە لە ماڵەکان، لە چایخانە
میللییەکان و لە شەقامەکانەوە بەرز دەبێتەوە و لە هۆڵە سارد و فێنکەکانی
دەسەڵاتەوە بە بێباکییەکی کوشندە وەڵام دەدرێتەوە، ئێمە چیتر شایەتی قەیرانێکی
سیاسی نین؛ ئێمە شایەتی کارەساتێکی بوونناسین (ئۆنتۆلۆجیین).
بەڕێزان، گەدە، بەهێزترین و قایلکەرترین
وتارخوێنی جیهانە. لۆژیکەکەی ڕەتکردنەوەی هەڵناگرێت و داواکارییەکانی، ڕەهان.
تەماشای دابەزینی مرۆڤێک بکەن لە تێرییەوە بۆ
برسێتی. لە ساڵۆنە ئاسوودەکەیدا، کە سکی پڕە لە قەلی برژاو و شەرابی نایاب، ئەو
پەیکەرێکی ڕەوشتبەرزییە. بە زمانێکی پاراو، باس لە دادپەروەری، پەیمانی کۆمەڵایەتی
و دەستی میهرەبانیی چارەنووس دەکات. دزی شەرمەزار دەکات و ستایشی یاسا دەکات.
مرۆڤێکی بەخشندە، ژیر و مرۆڤدۆستە. ئێستا، هەر ئەم پیاوە لە ژەمە ئێوارەکەی بێبەش
بکەن. تا سبەینێ، فەلسەفەكەی کەمێک سیس دەبێت. زووتر تووڕە دەبێت. لە باوەڕبوونی
بە چارەنووس دەست بە لەرزین دەکات. تا ڕۆژی سێیەم، پەیمانی کۆمەڵایەتی وەک بەڵگەنامەیەکی
ساختە دێتە بەرچاوی و دادپەروەری تەنها وشەیەکە تێرەکان دایانهێناوە بۆ پاراستنی
ئەمبارەکانیان. تا ڕۆژی چوارەم، چاوی دەبڕێتە نان و خوانی دراوسێکەی، ئەو دە(10) فەرمانەی موسا نووسیبوویەوە، دەبنە
کۆمەڵێک پێشنیاری لاواز. بەڵام كە هەفتەیەک تێپەڕێت و هەر ئەم بوونەوەرە خاوەن
ئەقڵە بڵندە، ئەم پشکۆ خوداییە، دەبێتە شتێک لە ئاژەڵ کەمتر، کە تەنها یەک فەرمانی
ستەمکارانە ئاڕاستەی دەکات، ئەویش ئەوەیە: من دەبێت نان بخۆم.
هەرچی بەهایە کە بەرز ڕای دەگرین، هەرچی چەمکە
کە مشتومڕی لەسەر دەکەین، هەمووی سەرخانێکی (superstructure) کولتوورییە
کە لەسەر تەنها یەک بناخەی سازش هەڵنەگر بنیات نراوە: جەستەیەکی زیندوو، هەناسەدەر
و تێر.مێشکی کەسی تێر، ئۆرگانێکی جیاوازە لە مێشکی کەسی برسی.
هاواری "نان!" لەم ڕوانگەیەوە،
تەنها داوای خۆراک نییە. بەڵکو داوایەکی شۆڕشگێڕانەیە: داوایەکە کە تەواوی ئەو
سیستەمە مێتافیزیکییەی کە "ڕۆح"ی لە سەرووی "جەستە" و
"ئەقڵ"ی لە سەرووی "نان"ەوە داناوە، دەخاتە ژێر پرسیارێکی
گەورەوە.
تەنها کاتێک هاوارە سەرەتاییەکەی جەستە کپ
دەکرێت، مێشک دەتوانێت دەست بکات بە چرپاندنی شیعرەکانی. مێشک، کاتێک لە ستەمکاریی
دەستبەجێی مانەوە ڕزگاری دەبێت، ئازادە بۆ گەڕان. دەتوانێت لە ئەستێرەکان رابمینێت
و، بیرکاری دابهێنێت و، لەگەڵ بیرۆکەی دادپەروەریدا ململانێ بکات، دەتوانێت عاشق
بێت. هونەر، فەلسەفە، زانست، ڕۆحانییەت—هەموو ئەمانە ئەو گوڵانەن کە لە خاکی
"زیادە" و تێرییەوە شین دەبن. ئەوان ڕۆڵەی نانن. هۆشیاری، کاتێک لە
قەفەزی گۆشتینی خۆی ئازاد دەکرێت، لە کۆتاییدا دەتوانێت دەست بکات بە ئەرکی بوون
بە ڕۆح.بەڵام کاتێک نان لە بوونی حەقیقییەوە دەگۆڕێت بۆ سەراب، برسێتی
دەبێتە پرەنسیپی ڕێکخەری ژیان و کودەتایەکی توندوتیژ بەسەر مێشک و ڕەفتاردا ئەنجام
دەدات.
مێشکی مرۆڤی برسی، کونی ڕەشە کە داهاتوو
هەڵدەلووشێت. ئاسۆی ژیان بچووک دەبێتەوە بۆ ژەمی داهاتووی گریمانەیی. ڕابردوو
دەبێتە یادەوەرییەکی بێهوودەی تێری و داهاتوو دەبێتە خەیاڵێکی نەقشکراو. ژیان
دەبێتە خاڵێکی بچووکی لێدەری پێویستیی ڕووت و بێ نێوەند. ئەمە تەنها گۆڕانکارییەک
نییە لە ڕوانگەدا؛ بەڵکو داڕمانێکی بوونناسییە. مرۆڤ پاشەکشە دەکات بۆ بوونەوەرێکی
تەواو زەمینی و ئازارچێژ.
گرێبەستی کۆمەڵایەتی لەناو تیزابی نائومێدیدا
دەتوێتەوە. وشەی "ئێمە" دەشکێت و دەبێتە ملیۆنەها "من"ی
جەنگاوەر. 'ئەوی تر' چیتر هاوبەشێکی ئەگەری نییە لە پێکەوەژیاندا، بەڵکو ڕکابەرێکە
بۆ سەرچاوە کەمەکان. نیگای ئەخلاقی، کە مرۆڤایەتی لە ڕوخساری ئەوی تردا دەبینێت،
شوێنەکەی بۆ نیگای دڕندانە چۆڵ دەکات، کە تەنها بەربەستێک یان سەرچاوەیەکی ئەگەریی
خۆراک دەبینێت. متمانە دەبێتە جۆرێک لە خۆکوژی. بەزەیی دەبێتە خیانەتێک لە
بایۆلۆژیای هاوارکەری خود. ئەمەیە ڕاستیی پشت "شەڕی هەمووان دژی
هەمووان"ی تۆماس هۆبز—جەنگێکە کە لەلایەن برسێتییەوە ڕاگەیاندراوە.
مێشکی برسی ناتوانێت بخوڵقێنێت؛ تەنها
دەتوانێت ئارەزوو بکات. هۆشیاری، کە جاران بە گەردووندا دەگەڕا، ئێستا لەناو
زیندانی تەنگ و تاریکی جەستەدا بەند کراوە. جیهان لە سەرسوڕمان، جوانی و نهێنی
دادەماڵرێت. دارێک چیتر شایەتییەکی شکۆداری سروشت نییە؛ بەڵکو داری سووتاندنە یان
سەرچاوەی ڕەگی خواردنە. مرۆڤێکی هاوڕێ چیتر گەردوونێکی تایبەتی هۆشیاری نییە؛
ڕکابەرێکە. برسێتی، کورتکردنەوەیەکی گەورە ئەنجام دەدات و تەواوی بوون بۆ دوو
پۆلێن دابەش دەکات: ئەوەی دەخورێت و ئەوەی ناخورێت. ئەمە
دوا قۆناغی بەربەریەتی ڕۆحییە.
برسێتی، جەنگێکە دژی ئاسۆكان ، دژی
شارستانییەت و ئەقڵانییەت، برسێتی پووكانەوەی مێشك و جەستەیە. هێزێکە دیمەنی
فراوانی بوون، دەڕمێنێت و دەیکاتە خاڵێکی
بچکۆلە و ئازاربەخش.، هەموو شتێك ، هەموو كاتێك دەبێت بە ، من
ئێستا برسیمە دەبێت نان بخۆم. مرۆڤی برسی، دیلی چرکەساتی ئێستایە. هۆشیارییەکەی، کە جاران
توانای گەشتکردنی بەناو سەدەکاندا هەبوو، ئێستا بە زنجیری لێدانی بێوچانی گەدەیەکی
گرژەوە کۆت و بەند کراوە. هیوا، کە یادەوەریی ڕابردووەو وەک باوەڕێک بەرەو داهاتوو
هەڵدەدرێت، دەبێتە خەونێکی مەحاڵ و نازێکی بێجێ.
برسێتی، دوژمنی سەرسەختی مانایە.
کورتکردنەوەیەکی دڕندانە بەسەر جیهاندا ئەنجام دەدات و لە هەموو نهێنی و سیحر و
سەرسوڕمانێکی دادەماڵێت. هەموو شتێک تەخت دەبێتەوەو دەخرێتە ناو یەک ڕەهەندی
دڕندانەوە، ئەویش ئەوەیە نان بخۆم بۆئەوەی بمێنمەوە..
کاتێک داهاتووی کۆمەڵگەیەک دەخورێت، ئیتر
ناتوانێت وەک کۆمەڵگا بمێنێتەوە. چونكە دەبێتە قەرەباڵغییەکی شەڵەژاو و ترسناك زۆر ترسناک. ئەو دامەزراوانەی کە بۆ نەمری
بنیات نرابوون، وەك: قوتابخانە و کتێبخانە و پەرستگاکان، دیمەنە سەرسوڕهێنەرە
جوانەكان، هەموو ئەمانە دەبنە پەیکەری ژەنگاوی و کەلاوەی سەردەمێک کە چیتر توانای
بیرهاتنەوەو بیركردنەوەی لێنییە. گرێبەستی کۆمەڵایەتی، کە لە بنەڕەتدا پەیمانێکە
بە داهاتوو دراوە، دەبێتە درۆیەکی ئاشکرا. گەلێک بەبێ داهاتوو، گەلێکە کە هەر
ئێستا لەسەرەخۆ بەرەو خۆڵەمێشبوون دەڕوات. ئەمەش دوا قۆناخی
بەربەریەتە. نەک بەربەریەتی شمشێر و ڕم، بەڵکو بەربەریەتێکی قووڵتر و وێرانتركە بەربەریەتی ڕۆح ە. ئەو دۆخەیە کە
تێیدا جیهان بە تەواوی سیحری لێ سەندراوەتەوە و تاکە واقیع، ڕاستیی ڕووت و زبری
جەستەو پێویستییەکانیەتی.
کاتێک برسێتی دەبێتە مامۆستای میللەتێك، یەک
وانەی داخورێنەر فێری قوتابییەکانی دەکاتئەویش ئەوەیە : هیچ شتێک پیرۆز نامینێت
كاتێك گەلێک بێ-ڕۆح دەکرێت و، لەدوای خۆی، کۆمەڵگایەکی تاریكی پڕ لە تارمایی
جێدەهێڵێت؛ بوونەوەرانێک کە لەناو قەفەزی گۆشتینی خۆیاندا گیریان خواردووە،
چاوەکانیان تاساون بە یادەوەریی جیهانێکەوە کە جاران مانای هەبوو.
جەستەی برسی، جەستەیەکی لاواز و بێهێزە،
توانای بەرگریكردنی زۆر سنووردارە. برسێتی، وەک ئامرازێک، جەستەکان دەگەیەنێتە
ئاستێکی نزمی مانەوە کە تێیدا بیرکردنەوە لە یاخیبوون و بەرگری، یان داواکاریی
سیاسی، دەبێتە خەونێکی دوور. وزەی جەستە، کە دەکرێت ببێتە وزەیەکی سیاسی، بە
تەواوی بۆ پڕۆژەی دۆزینەوەی پارووە نانێک کورتدەکرێتەوە. بەم شێوەیە، برسێتی
دەبێتە دیسپلینێکی نادیار و ناوەکی کە پێویستی بە زیندان و پۆلیس نییە.
کاتێک پارووە نانێک دەخۆین، ئایا تەنها
ماددەیەکی خۆراکی دەخۆین؟ نەخێر. ئێمە تەواوی مێژووی کشتوکاڵ، ڕەنجی جوتیار، ئاگری
نانەوا، سیستەمی ئابووری و تۆڕی دابەشکردن "دەخۆین". نان هەمیشە
ئاماژەیە بۆ شتێکی دیکە؛ هەمیشە شوێنپێی (trace) نادیارییەکی
لەسەرە: نادیاریی ئەو هەموو پڕۆسەیەی کە بوونەتە هۆی بوونی لە بەردەم ئێمەدا.
کەواتە، نان هەرگیز "تەنها نان" نییە. هەمیشە دواخراوە، هەمیشە ئاڵۆدەی
شتانی ترە. ئەمە یەکەم هەڵوەشاندنەوەیە كاتێك دەوترێ: تێکشکاندنی وەهمی ئامادەیی
سادەی نان.
مرۆڤی برسی ناتوانێت بە شێوەیەکی ژیرانە و
ڕەخنەگرانە بیر بکاتەوە. مێشکی داگیرکراوە بە غەریزەیەکی سەرەتایی و زاڵ. ئەو
ناتوانێت بەدوای "هەڵە"ی ناو سیاسەتەکاندا بگەڕێت؛ ئەو تەنها بەدوای
"نان"دا دەگەڕێت. برسێتی، مرۆڤ لە بوونەوەرێکی بیرکەرەوەوە دەکاتە
بوونەوەرێکی غەریزی و بەمەش توانای بەشداریکردنی لە پڕۆسەیەکی دیموکراسی و
ڕەخنەگرانەدا لێ دەسەنرێتەوە.
ئەی زاهیدانی ڕۆح، ئەی بانگخوازانی ڕزگاریی
ئەودیو! ئێوە باسی ڕۆح، باڵایی و زاڵبوون بەسەر نەفسدا بۆ من دەکەن. بەڵام من
لێتان دەپرسم: ئایا ڕۆحتان هەرگیز بەڕاستی تامى برسێتیی کردووە؟ نەک ئەو برسێتییە
ناسک و شاعیرانەیەی پیرۆزانی بەڕۆژوو، بەڵکو ئەو بۆشاییە ڕووت و هاوارکەرەی
دڕندەیەک کە ورگی بە پشتیدا نووساوە؟
ئێوە بەهەشتەکانتان لە لۆژیکی ناسک و فەزیلەتی
باو هەڵدەچنن و یەکەم و کۆتا ڕاستی لەبیر دەکەن کە هەموو بەهەشت و دۆزەخەکانی
لەسەر بنیاتنراوە: ڕاستیی زەوی، کە تەنها یەک وشە دەڵێت—خۆراک. ئاخر
پێش "من بیر دەکەمەوە،" "من برسیمە" هەیە.
دیکارت گەمژەیەک بوو، گەمژەیەکی تێر! یەکەم پرەنسیپ هۆشیاری نییە، بەڵکو ئیرادەی
جەستەیە بۆ مانەوە. هەرچی بیرکردنەوە هەیە، ناز و نیعمەتێکە کە ورگێکی هێمن
دەیبەخشێت.
نان تەنها شتێک نییە. ئیرادەی زەوییە کە
بەرجەستە بووە. خۆر، خاک، باران و ڕەنجی مرۆڤ، هەمووی چڕکراوەتەوە بۆ ناو فۆرمێک
کە دەڵێت: "بژی! بەسەر ئەم ڕۆژەدا زاڵ بە!" بێبەشکردنی مرۆڤێک لە نان،
کردەیەکی ئابووری نییە؛ خەساندنێکی مێتافیزیکییە. تۆ لە ئیرادەی زەوی دایدەبڕیت و
وەک تارماییەک لەناو قەفەزی گۆشتی خۆیدا بەندی دەکەیت.
برسێتیی
بەکۆمەڵ، کۆمەڵگە لە دۆخێکی شارستانی و یاساییەوە، بۆ "دۆخی سروشتی"ـی
هۆبزی دەگەڕێنێتەوە، کە تێیدا هیچ ماف و ئەرکێکی ئەخلاقی بوونی نییەو تەنها هێزی
ڕووت فەرمانڕەوایە. ئەمە نەک تەنها تێکچوونێکی کۆمەڵایەتییە، بەڵکو داڕمانێکی
تەواوی چوارچێوەی ئەقڵانیی مرۆڤە.
کاتێک گرێبەستی کۆمەڵایەتی بەهۆی برسێتییەوە
پووچەڵدەبێتەوە، مرۆڤەکان چیتر وەک هاووڵاتی مامەڵە ناکەن، بەڵکو وەک بوونەوەری
دابڕاو کە تەنها بۆ مانەوەی خۆیان تێدەکۆشن. لەم دۆخەدا، هیچ یاسایەکی گشتی بوونی
نامێنێت و "ئیرادەی گشتی" (General Will)ـی ڕۆسۆ، دەبێتە
وەهمێک. ئەوەی دەمێنێتەوە، ئاژاوەیەکی بێ ئەقڵە کە تێیدا خودی ئەگەری بوونی
کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی لەناو دەچێت.
"برسێتی"
و "تێرکردن" گوتارێکی بێلایەن نییە. بەڵکو گۆڕەپانێکی ستراتیژییە کە
تێیدا ژیان و مردنی تاک و کۆمەڵگاکان بەڕێوە دەبرێت. ئەمە ئەوەیە کە فوکۆ پێی
دەڵێت بایۆ-دەسەڵات (Bio-power): ئەو دەسەڵاتەی کە کار
لەسەر ژیان خۆی دەکات، نەک لە ڕێگەی کوشتنەوە (وەک دەسەڵاتی سەروەری کلاسیک)،
بەڵکو لە ڕێگەی "ڕێگەدان بە ژیان و فەرامۆشکردن بۆ مردن"
(faire vivre et laisser mourir)ـەوە.
برسییەتیکردن، تەکنیکێکی ئەم فەرامۆشکردنەیە.
دەسەڵاتی مۆدێرن، بەتایبەتی لە سەدەی ١٨ و ١٩
بەدواوە، خولیای دروستکردنی جەستەی ملکەچ (docile
body) بووە:
جەستەیەک کە هەم بەرهەمدار بێت و هەم گوێڕایەڵ. برسێتی و دابینکردنی نان، دوو
تەکنەلۆجیای سەرەکین لەم پڕۆسەیەدا.
برسێتی، شتێکی دەرەکی نییە؛ بەڵکو هەمیشە وەک
ئەگەرێک، وەک "تارماییەک" لەناو خودی تێریدا ئامادەیە. هەر پارووە نانێک
کە دەخورێت، دانپێدانانێکی بێدەنگە بە ئەگەری برسێتی. تێری، مانای خۆی تەنها لە
ڕێگەی دژایەتیکردنی برسێتییەوە وەردەگرێت. کەواتە، برسێتی لاوەکی نییە، بەڵکو
پێکهێنەری خودی مانای تێرییە.
برسێتی، سیستەمی مانا و بەهاکان
هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەقڵ دادەڕمێنێت، جەستە دەبێتە تاکە واقیع و "ئەوی تر"
دەبێتە هەڕەشە. برسێتی، ژەهرێکە کە "گرێبەستی کۆمەڵایەتی"
هەڵدەوەشێنێتەوە، چونکە گرێبەستەکە خۆی لەسەر بنەمای نووسین، بەڵێن و دواخستن
دامەزراوە. برسێتیی ڕەها، دانیان پێدا نانێت.
برسێتی دەتوانێت وەک دەرمانێکیش کار بکات کە
سیستەمە وەهمییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە. برسێتی، ڕووت و ڕەجاڵی و پۆزلێدان و ساختەیی
ئەو بەهایانە (دادپەروەری، ئازادی، ماف) ئاشکرا دەکات کاتێک لەسەر بنەمایەکی
ماددیی پتەو دانەمەزرابن. برسێتی، بە شێوەیەکی دڕندانە، وەهمی
"ئامادەیی" ئەو بەهایانە تێکدەشکێنێت و نیشانمان دەدات کە چەندە ناسک و
مەرجدارن.
برسێتی، ستەمکاریی ئێستایە. داهاتوو—ئەو
داهێنانە ناسک و مرۆییە—یەکەم شتە کە لەسێدارەی دەدات. مرۆڤێک کە داهاتووی هەبێت،
دەتوانێت بنیات بنێت، دەتوانێت خۆشەویستی بکات، دەتوانێت بەڵێن بدات. بەڵام مرۆڤی
برسی هیچ داهاتوویەکی نییە؛ تەنها ئێستایەکی قووڵ و بێ بن هەیە. دەبێتە
بوونەوەرێکی تەواو غەریزی، خاڵێکی بچووکی ئازارە لەناو ڕۆیشتنێکی بێمانای کاتدا.
هیوا، جۆرێکە لە وزە و برسییەکان هیچ وزەیەکی زیادەیان نییە.
تێربوون، لێرەدا هاوتای ئامادەیی، ئەقڵ و
لۆگۆسە. "برسێتی" هاوتای نادیاری، ئاژاوە و جەستەی یاخییە. ئیتر برسێتی
وەک شتێکی نائاسایی و دەرەکی سەیر دەکرێت کە دەبێت "چارەسەر" بکرێت بۆ
گەڕانەوە بۆ دۆخی "ئاسایی"ی تێری.
برسێتی، یەکەم و تاکە یاسای قووڵایی فێر
دەکات كە مانەوەی من ە . مرۆڤی برسی ناتوانێت بە شێوەیەکی خودی (خۆبەڕێوەبەر) هەڵسوکەوت
بکات. ئیرادەکەی چیتر لەلایەن ئەقڵەوە نانرێت، بەڵکو لەلایەن غەریزەیەکی زاڵەوە
دیاریدەکرێت. ئەو چیتر ئازاد نییە لە هەڵبژاردنی نێوان ڕەوشت و ناڕەوشتدا؛
ئیرادەکەی بە تەواوی ملکەچی پێویستییەکی سروشتیی زاڵ بووە. ئەو دەبێتە بوونەوەرێکی
هێتێرۆنۆم (پەیوەست بە دەرەوەی خۆی) و بەمەش ئازادیی باڵای خۆی لەدەستدەدات.
مرۆڤ ناتوانێت بیر لە گەردوون بکاتەوە کاتێک
تەواوی بوونی لە خاڵێکی بچکۆلە و ئازاراوییدا چڕ کرابێتەوە. هەر بۆیە، برسێتیی
ڕەها، مرۆڤ لە جیهانی ئەخلاقی دادەبڕێت و فڕێی دەداتەوە ناو جیهانی ڕووت و ڕەجاڵی
سروشتی. دابینکردنی نان، تەنها کردەیەکی خێرخوازی نییە؛ بەڵکو مەرجی بنەڕەتیی
بوونی خودێکی ئەخلاقییە. بێ نان، مرۆڤ لە توانای بوون بە بوونەوەرێکی ئازاد و
خاوەن ویژدان، دادەماڵرێت.
مرۆڤێکی برسی کە خاوەنی بیرۆکەیەکە، شۆڕشێکە
چاوەڕێی کات دەکات. مرۆڤێکی تێریش کە هیچ بیرۆکەیەکی نییە، تەنها کەمێک لە
مەڕوماڵات بەرزترە، کە چاوەڕێی چەقۆی قەساب دەکات. هەر بۆیە، قووڵترین پێوەری
هەر کۆمەڵگەیەک، نە پەیکەرە بریقەدارەکانیەتی و نە فەلسەفە ئاڵۆزەکانە، بەڵکو
پرسیارێکی سادە و کوشندەیە ئەویش ئەو پرسیارەیە: ئایا هاواری نان، بە بەرد وەڵام دەدرێتەوە، یان بە پاروویەک بۆ
تێركردنی سكی برسی ؟ لەسەر وەڵامی ئەو پرسیارە، چارەنووسی هەموو ئیمپراتۆریاو
هەموو کۆمارەکان هەڵواسراوەهیچ شیكردنەوەو راڤەو لێكدانەوەیەكی فەلسەفییانە
پێویست ناكات.
کۆمەڵگەیەکی برسی، بیرناکاتەوە؛ بەڵکو ئازار
دەچێژێت. مێشکی گشتییەکەی، دیوەخانێکی ڕازاوە نییە بۆ گفتوگۆی ژیرانە، بەڵکو تەنها
یەک گەدەی گەورەی هاوارکەرە. تاقە فەلسەفەی مرۆڤێکی برسی، فەلسەفەی زگە. کتێبە
پیرۆزەکەشی تەنها یەک پرسیاری تێدایە: "نانی کوێیە؟" و تاقە گوناهیشی،
قاپێکی بەتاڵە.
هەموو ئەو بیرۆکە مەزنانەی ئێمە لە ژوورە
ئارامەکانماندا هێندە بەرز ڕایان دەگرین - ئازادی، دادپەروەری، مێتافیزیک، هونەر -
ئەمانە بۆ مرۆڤی برسی هیچ مانایەكیان نییە. ئەوانە تەنها مەرەکەبن لەسەر کاغەزێكی تەڕ بوو.
وەک ئەوە وایە هەوڵ بدەیت لیستێکی خواردنی ڕازاوە بدەیتە مرۆڤێک لەبری ژەمێک.
گاڵتەکە زۆر بەچێژ دەبوو، ئەگەر ئەو هێزی پێکەنینی تێدا بوایە.
ئەم کۆمەڵگا برسییە چۆن بیردەکاتەوە؟
بیرکردنەوەکانی کورت، دڕندانە و دەستبەجێن. فەرهەنگی وشەکانی نەتەوەیەکی برسی،
کورت بووەتەوە بۆ ناوکە ڕەسەنەکەی: خواست، ئازار، تووڕەیی، ترس. ئاسۆی ئەقڵی لە ژەمی داهاتوو، یان لە
دەنگۆی گەیشتنی فەردەیەك ئارد ، تێناپەڕێت. مشتومڕە گەورەکانی لەسەر سروشتی ڕۆح
نییە، بەڵکو لەسەر شوێنی پەتاتەیەکی شاردراوەیە. سەرکردەکانیشی بەپێی دانایی و
ڕەوشتبەرزییان هەڵناسەنگێنرێن، بەڵکو بەپێی هاوکێشە سادە و دڕندەکەی تەرازووی
نانەوا. ستەمکارێک کە نان دابینبکات، وەک ڕزگارکەرێک دەپەرسترێت، لە کاتێکدا
پاشایەکی فەیلەسووف و خێرخواز کە سەرپەرشتیی برسێتییەک بکات، سەری خۆی لەسەر ڕمێک
دەبینێتەوە. خودا خۆی دەبێتە نانەوا و نوێژیش دەبێتە پاڕانەوەیەکی بێچارە بۆ نانی
ڕۆژانەمان.
لەناو نەتەوەیەکی برسیدا، مەعریفە خۆی دەبێتە
نەفرەتێک یان چەکێک. ئەوەی بزانیت کەسانی تر خەریکی ڕازاندنەوەی خوانێكی خۆشن لە کاتێکدا منداڵەکانت لەتاوا دەتوێنەوە، ڕاهێنانێکی ئەقڵی نییە؛
بەڵکو ئەو پریشکەیە کە ئاگری یاخیبوون خۆش دەکات. ئەوەی لە کتێبێکدا باسی
دادپەروەری بخوێنیتەوە لە کاتێکدا نادادی جەرگت دەبرژێنێت، واتە لە بێڕەحمانەترین
نوکتەی جیهان تێگەیشتوویت. مەعریفە، بۆ برسییەکان، ڕۆشنگەری نییە؛ بەڵکو
ئاشکرابوونی بەدبەختیی خۆیانە. ئەو تێگەیشتنەیە کە ئازارەکانیان، کردەی خودا نییە،
بەڵکو شکستێکە، یان تاوانێکی مرۆڤە.
ئێستا، سەیری نەتەوەی تێر بکە. ئاھ، چ
خۆشگوزەرانییەکی شاهانەیە! بە سکی تێرەوە، مرۆڤ جورئەت دەکات چاوەکانی لە نەهامەتی
و نائومێدی و دۆخە سەختەكان هەڵبڕێت. لەوانەیە بیر لە ئەستێرەکان بکاتەوە،
سۆناتایەک دابنێت، مشتومڕ لەسەر بوونی ڕۆح بکات، یان تەنانەت - کە لە هەموویان
مەترسیدارترە - پرسیار لە مافی خودایی ئەو پاشایە بکات کە دڵنیای کردووەتەوە
عەمبارەکەی پڕە.
جیاوازییەکە، وەک دەیبینیت، لە گەدەدا نییە،
بەڵکو لەو مێشکەدایە کە گەدەکە ئازادی دەکات. نەتەوەی تێر، خاوەنی ناز و نیعمەتی
شکۆمەندیی بێزارییە. لەم بێزارییەوە، لەم دۆخە خوداییەی کە
پێویست ناکات نیگەرانی تەنها مانەوە بیت، هەموو ئەو شتانە سەرهەڵدەدەن کە پێیان
دەڵێین شارستانییەت. هونەر، زانست، یاسا ئاڵۆزەکان، گوتاری سیاسی، پرسیارکردن لە
دۆگماکان، ئەمانە هەموویان ڕۆڵەی سکی تێرن. مرۆڤێکی تێر، دەتوانێت خاوەن ویژدان بێت.
دەتوانێت خاوەن پرەنسیپ بێت. دەتوانێت بەرگەی ئازارە شیرینەکەی بیرکردنەوە لە
ڕاستییە ئەبستراکتەکان بگرێت، چونکە بە واقیعی بەرجەستەی زگێکی بەتاڵ ئەشکەنجە
نادرێت.
نەتەوەی برسی، زیندانییەکە لەناو قەفەسی جەستەی
خۆیدا. نەتەوەی تێر، مێشکێکە کە ئازاد کراوە تا لە گەردووندا بسوڕێتەوە. یەکەمیان
بە کاتی ئێستای دەستبەجێ بیردەکاتەوە: "من برسیمە." دووەمیان دەرفەتی ئەوەی هەیە ڕابردوو
لەبەرچاو بگرێت و خەون بە داهاتووەوە ببینێت: "ئێمە چی فێر بووین، و
دەتوانین ببین بە چی؟"
کەواتە، جیاوازییە بنەڕەتییەکە ئەمەیە:
نەتەوەی برسی بە پێویستییەکانی پێناسە دەکرێت، لە کاتێکدا نەتەوەی تێر بە
ئەگەرەکانی پێناسە دەکرێت. یەکێکیان لە پەخشانی مانەوەدا گیری خواردووە؛ ئەوی
تریان ئازادە شیعری بوون بنووسێتەوە. بەڵام ئاگاداربە ئەی نەتەوەی تێر! خۆبەزلزانی و
بێخەمی، ژەهرێکی هێواشە. کۆمەڵگایەک کە ئەوەندە تێر دەبێت کە فەیلەسوفەکانی نرخی
نانێک لەبیر دەکەن، کۆمەڵگایەکە کە بۆ داڕمان پێگەیشتووە. لەوانەیە لە زاناو
رۆشنبیرو ئەکادیمیاکانیاندا مشتومڕ لەسەر ڕەگەزی فریشتەکان بکەن، لە کاتێکدا فڕنی
نانەواکان لە شارەکەی خوارەوە سارد دەبنەوە. ئەوان لەبیریان کردووە کە تەواوی ئەو
کۆشکە مەزنەی بیر و کولتووریان، لەسەر بناغەیەکی سادە و ساکاری گەنم وەستاوە.
ئاژەڵ، ئەم ڕاستییە بەبێ پێویستی بە
فەیلەسوفان دەزانێت. گورگ بۆ 'دەسەڵات' یان 'شکۆ' ڕاو ناکات؛ بۆ بەردەوامیی بڵێسەی
ژیانی خۆی ڕاو دەکات. باڵندە هێلانە بۆ 'جوانی' دروست ناکات؛ بۆ مسۆگەرکردنی
داهاتووی ڕۆڵەکانی دروستیدەکات. ئەوان لە پێویستییەکانیاندا ڕاستگۆن. تەنها مرۆڤە،
ئاژەڵە نەخۆشەکە، کە فێری درۆکردن لەگەڵ خۆی بووە؛ فێری ئەوە بووە کە وا نیشان
بدات ڕۆحی دەتوانێت گەشە بکات لەکاتێکدا جەستەی دەبێتە خۆڵ. درۆیەک! درۆیەکی
دڕندانە و نکۆڵیکەر لە ژیان!ئەمە چ درۆیەكی شاخدارە!.
ڕۆحی مرۆڤ، گەڕیدەیەکە، شاخەوانێکە،
سەماکەرێکە. برسێتی، ئەم سەماکەرە دەخاتە قەفەزی گۆشتەوە. مێشک، کە جاران لەگەڵ
خوداکاندا زۆرانبازیی دەکرد و ئەستێرەکانی دەپێوا، ئێستا بووەتە کۆیلەی بیرێکی تاک
و یەک ڕیتمئەویش خواردنە. جیهان تەخت دەبێت، لە
ڕەنگ و قووڵایی خۆی دادەماڵرێت. دارستانێک چیتر پەرستگایەکی ژیانی سەوز نییە؛
کۆمەڵێک کالۆریی ئەگەرییە. شارێک چیتر شانۆیەکی درامای مرۆیی نییە؛ دیمەنێکی
تاڵانیی ئەگەرییە. ئەمە دوا قۆناغی پووچگەرییە: نەک ئەو باوەڕەی کە هیچ شتێک مانای
نییە، بەڵکو ئەو ئەزموونە تاڵەی کە هیچ شتێک مانای نییە لەودیو سوودی بۆ گەدەیەکی
هاوارکەر.
با بۆ ساتێک لە تیۆرییە باڵاکانی ماف و
ئازادی دوور بکەوینەوە و بگەڕێینەوە بۆ ئەو مەرجە پێشینەییەی (a priori condition) کە هەر ئەگەرێکی ئەخلاقی لەسەری بنیات نراوە. پرسی نان، کاتێک
بە وردی لێی بکۆڵینەوە، پرسێکی ئابووری یان لۆجستی نییە؛ بەڵکو پرسێکی باڵایە (transcendental) کە پەیوەندی بە خودی ئەگەری بوونی بوونەوەرێکی ئەقڵانی و
ئەخلاقییەوە هەیە.
ئێمە ناتوانین باسی ئەرک و یاسای ئەخلاق و،
یان باسی "شانشینی ئامانجەکان" (Kingdom of Ends) بکەین، ئەگەر سەرەتا
دان بەو ڕاستییەدا نەنێین کە مرۆڤ بوونەوەرێکی دوولایەنەیە: لەلایەک بوونەوەرێکی
ئەقڵانی و ئازادە و لەلایەکی تر بوونەوەرێکی دیاردەیی (phenomenal) و
سروشتییە کە ملکەچی یاساکانی هۆکارێتیی فیزیکییە، کە یەکەمیان پێویستیی مانەوەیە.
پشتگوێخستنی ئەم لایەنە دیاردەییە، وادەکات هەر گوتارێکی ئەخلاقی ببێتە وەهمێکی
بێناوەڕۆک.
ئەو مەترسییەی لە نەبوونی ناندا هەیە،
لەناوچوونی هزری ئەقڵانییە. برسێتی دیالۆگ بێدەنگ دەکات، بێهیوایی جێی دەگرێتەوە،
و وا لە دانیشتوان دەکات کە وەڵامدەرەوەی بەڵگەی لۆژیکی نەبن، بەڵکو ملکەچی ئەو
دیماگۆگی و خەڵک فریو خواردووە بن کە بەڵێنی قەواڵە نانێک دەدات. لای ڤۆڵتێر، ئەو
کۆمەڵگەیەی ناتوانێت نان بۆ خەڵکەکەی دابینبکات، لە بنەڕەتیترین تاقیکردنەوەی هزری
و ئەخلاقیی خۆیدا شکستی هێناوە. خۆشگوزەرانی، کۆکردنەوەی زێڕ نییە، بەڵکو ئەو
دڵنیاییە هێمن و شکۆمەندەی ژەمی ڕۆژانەیە، کە بە تەنها مێشک ئازاد دەکات بۆ ڕامان
لە ئەستێرەکان، بۆ پرسیارکردن لە دەسەڵات و بۆ بنیاتنانی جیهانێک لەسەر بناغەکانی
لۆژیک و دادپەروەری. مەترسیی لەناوچوون ئیتر تەنها هزری یان
کۆمەڵایەتی نییە، وەک لای ڤۆڵتێر؛ بەڵکو بایۆلۆژییە.
مەترسیی گەدەی بەتاڵ تەنها هەڕەشەی وەستانی
بایۆلۆژی نییە. بەڵکو داڕمانی خودی هەلومەرجەکانی مانای مرۆڤایەتییە. مرۆڤی بێنان،
مرۆڤێکە فڕێدراوەتەوە ناو دۆخێکی پێش-فەلسەفیی سروشتی، بەڵام ئەمە دڕندەیی
خانەدانانەی ڕوسۆ نییە؛ بەڵکو دۆزەخێکی پاژی پاڵنەری کاردانەوەییە. گواستنەوەکە لە
ئاستی هزرییەوەیە بۆ ئاستی گەدەو هەناو. لە شاکارەکەیدا، ژێرمینال، نان
هێمایەکی ئەبستراکتی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو ئامادەبوونێکی ترسناک و فیزیکییەو
نەبوونێکە کە ترسناکتریشە. هاواری ناوەندی و دووبارەبووەوەی ڕۆمانەکە، "Du pain! Du pain!" (نان! نان!)، دروشمێکی سیاسی نییە؛ بەڵکو
هاواری سەرەتایی جۆرێکە (ڕەگەزێکە) کە پاڵنراوەتە لێواری مان و نەمان. کرێکارانی
کان، کە لە نان بێبەش کراون، دادەبەزنە ئاستێکی پێش-مرۆیی، مرۆڤایەتییان وەک
مۆمێکی ڕوو لە کوژانەوە کز دەبێت. ئەمیل زۆلا پێمان نیشاندەدات کە شارستانییەت
توێکڵێکی ناسکە، هێندەی سەمونێکی ڕەق بە
ئاسانی دەشکێت.
نان هەرگیز تەنها نان نییە. پێوەری
بەزەییمانە، خاڵی ڕاگری سیاسەتمانەو یەکەم وشەیە لە فەرهەنگی دادپەروەریدا. ئەو
پرسیارە سادە و قووڵەیە کە دەبێت بەردەوام لە هەر سەردەمێک، لە هەر حکومەتێک و لە
خۆمان بپرسین: ئایا خەڵک تێرە؟ چونکە لە وەڵامی ئەو
پرسیارەدا تەواوی مەودای ئەگەری مرۆیی خۆی حەشارداوە لە لووتکە بەرزەکانی بیری
ئەقڵانی و خۆشگوزەرانیی شارستانییەوە تا دەگاتە قووڵاییە تاریک و سەرەتاییەکەی کە
مرۆڤایەتی خۆی تێیدا ڕووبەڕووی هەڕەشەی لەناوچوون دەبێتەوە.
نەبوونی بژێوی. هیچ هونەرێک بوونی نییە، چونکە
هونەر ڕێکخستنی یاریئامێزی وزەی زیادەیە. هیچ زانستێک بوونی نییە، چونکە زانست
لێکۆڵینەوەی ئارامگر و دیسپلینکراوە کە لە ئاسایشەوە لەدایک بووە. هیچ ئەخلاقێک
بوونی نییە، چونکە ئەخلاق یاسادانانە بۆ ئەو بەهایانەی کە لەلایەن کۆمەڵگەیەکەوە
دانراون کە یەکەم کێشەی بەردەوامیی خۆی چارەسەر کردووە. مرۆڤی بێنان هیچ بەهایەکی
نییە، تەنها پێداویستیی هەیە. ئەو ڕەتکردنەوەی کۆتایی ئایدیالیستە: ڕۆحی لەلایەن
گەدەیەوە خوراوە. کۆمەڵگە، لە ئامادەبوونی ئەودا، وەک دروستکراوێکی ناسک ئاشکرا
دەبێت، توێکڵێکی تەنکی شارستانییەتە بەسەر قووڵاییەکی برسێتیی سەرەتاییەوە.
کاتێک زمانی سیاسەت شکست دەهێنێت، کاتێک
مشتومڕ لەسەر سیاسەت، گفتوگۆ لەسەر مۆدێلە ئابوورییەکان و بانگەواز بۆ یاسا،
هەمووی دەبنە دەنگدانەوەیەکی بۆش و بێمانا، ئەو کاتەیە کە هاواری هاووڵاتی، چیتر
بۆ ماف نییە، نە بۆ دادپەروەری، نە بۆ ئازادی، بەڵکو تەنها بۆ قورتاربوونە لە
مردن؛ ئەویش نانە.کاتێک گەل برسی دەبێت، گرێبەستی کۆمەڵایەتی ناشکێت؛ بەڵکو دەیسووتێنێت.
کاتێک مرۆڤ لەوپەڕی پێویستی و نەهامەتیدایە، بیرکردنەوە لە بابەتە باڵا و
ئایدیالییەکان (وەک دادپەروەری ڕەوشت، یەکسانی، ماف، ڕاستگۆیی) دەبێتە شتێکی
لاوەکی و بێ بایەخ. پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان (وەک خواردن) هەموو شتێکی تر
دادەپۆشێت. ئەو كاتەی باوك
منداڵەكانی برسی دەبن، هەموو شتێك وەلاوە دەنرێ، تەنیا بیر لە تێركردنی منداڵەكانی
دەكرێتەوە. "گەدایی" تەنها
سواڵکردن نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ناچاربوون بە فرۆشتنی کەرامەت، جەستە، یان
ڕەوشتی خۆی لەپێناو مانەوەدا. لێرەدایە برسێتی هەموو بەهای مرۆییت لێ
دەسەنێتەوە.
ناسنامەی نیشتمانییش ئیتر وەهمێکی دڵڕەقانەیە بۆ گەلێک کە ئەزموونی
هاوبەشیان کولتوور یان مێژوو نییە، بەڵکو بۆشاییەکی بەکۆمەڵ و کرمۆڵکەرە لە گەدەو سکدا.چ گاڵتەیەکی دڵتەزێنە! وەک ئەوە وایە بەڵێنی ئۆقیانووسێکی مەزن
بدەیت ، بەڵام، لە ژیانی دواییدا لە تینووێتیدا بمریت.
ئەرکی گەورەی مرۆڤایەتی ئەوە نییە کە لە جەستە
هەڵبێت، بەڵکو ئەوەیە کە بە شێوەیەکی دروست خزمەتی بکات. با تێبگەین نان تەنها
خۆراک نییە؛ بەڵکو دراوی ئاشتییە، ماددەی خاوی هونەر و زانست و هەموو بیركردنەوەیەكی
قووڵە. کاتێک گەدە لە بەتاڵیی خۆی ڕادەمێنێت ،مێشک ناتوانێت لە ئەستێرەکان
ڕابمێنێت.کەواتە، با ئاگاداری ئەو کەسانە بین کە تەنها باسی ڕۆح دەکەن و
جەستە پشتگوێ دەخەن. ئەوان یان گەمژەن یان فێڵباز. لێکۆڵینەوەی دروستی مرۆڤایەتی
لە ئاسمانەکانەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە خاکەوە. پێش ئەوەی هەوڵبدەین لە خودا
تێبگەین، با سەرەتا لە پەرجووی دەنکە گەنمێک تێبگەین. با باخچەکەمان بکێڵین و
دڵنیا بین لەوەی کە بەشی هەمووان بەرهەمی هەبێت. چونکە جیهانێک کە هەموو مرۆڤێک
نانی ڕۆژانەی خۆی هەبێت، جیهانێک دەبێت کە پێویستییەکی زۆر کەمتری بە قەشەکان
دەبێت و هۆکارێکی بێ شومار زیاتری دەبێت بۆ باوەڕبوون بە چاکەی مرۆڤایەتی، ئەگەر
بە هی چارەنووسیش نەبێت.
باشترین ستراتیژ، هەڵبژاردن نییە لەنێوان
بەیاننامەیەک، چاوپێکەوتنێک، یان کارێکی گرووپیدا. بەڵکو تێکەڵەیەکە (synthesis)، ڕێبازێکی کردارە کە چەندین ڕۆڵی فەلسەفیی تێکچڕژاو لەخۆدەگرێت.
پرسیارکردن لەوەی کام کردەوەی تاک باشترینە، وەک ئەوە وایە پرسیار لە پزیشکێک
بکەیت ئایا نەشتەر، دژە زیندەیی، یان سکانی دەستنیشانکردن گرنگترین ئامرازە. نەخێر
هەموویان پێویستن، بەڵام هەریەکەیان لە کاتی گونجاوی خۆیدا.
شەرەف، کە جاران وەک قیبلەنومایەکی ناوەکیی
دەستپاکی و ئەرکێک بەرامبەر بە خود و پرەنسیپەکانی مرۆڤ تێدەگەیشترا، دەگۆڕدرێت بۆ ناوبانگ. ناوبانگ شتێکی دەرەکییە، نمایشێکە بۆ ئامادەبووان. دەتوانرێت
بکڕدرێت، بفرۆشرێت، و سپی بکرێتەوە. خولیای ئەوەت نەبێت بەشەرەف دەربکەوی،
بەڵكو هەمیشە خولیای ئەوەت بێت خاوەن شەڕەف بیت. ئەوانەی بەدوای وێنەی میدیایی، بەیاننامەی ڕۆژنامەوانیی
بریقەدار و ڕێوڕەسمەکاندا دەگەڕێن ،سرووتی بەتاڵ کە لاسایی جوولەکانی فەزیلەت
دەکەنەوە دڵنیابن هیچ ڕۆحیان لەبەردا
نییە.
برسێتی و بێ بژێوی ، وەک دروستکردنی مزگەوتێكی
گەورەیە لەسەر هەور. کاتێک یەکەم بای برسێتیی ڕاستەقینە هەڵدەکات، هەمووی
پەرتوبڵاو دەبێتەوە و لەو بێدەنگییەی دواتردا، فێری ئەو ڕاستییە کۆتایی و ترسناکە
دەبین: یەکەم وشە لۆگۆس نەبوو، بەڵکو جیڕەی ددانەکان بوو لە
جیهانێکی بێ ناندا.
