شارپرێس: ئینستتیونی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، راپۆرتی نوێی سەبارەت بە چاودێری و هەڵسەنگاندنەكانی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە. ئەمرۆ پێنج شەممە، لە هۆڵی مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سورەكە لە سلێمانی، ئینستتیوتی پەی، بەبەشداری هەریەك لە بەرێزان (فەخرەدین قادر، سكرتێری پێشووی پەرلەمانی كوردستان و رابون مەعروف، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان) راپۆرتی ژمارە (10) پرۆژەی چاودێری پەرلەمانی بڵاوكردەوە. پاش پێشكەش كردنی راپۆرتەكە، هەریەك لە بەرێزان (سكرتێری پێشووی پەرلەمانی كوردستان و رابون مەعروف) باسیان لە گرنگی چاودێری دامەزراوە گشتیەكان كرد لەلایەن رێكخراوەكانە و كارەكانی ئینستتیونی پەیان وەك یەكێك لە گرنگترین ئەركەكانی كۆمەڵی مەدەنی وەسفكرد، و رایانگەیاند: بەڵگەیەكی گرنگ تۆمار دەكەن لەسەر ئەدای دامەزراوەیەكی گرنگ لەهەرێمی كوردستان. لەراپۆرتەكەی (پەی)دا بە پێنج خاڵا ماوەی (1/3/2017 تا 15/11/2017) باسكراوە، كە ئەمانەن: یەكەم: ئەنجام دانی (6) كۆبوونەوەی پەرلەمان دووەم: دەركردنی دوو یاسا و یەك راسپارە سێیەم: درێژكردنەوەی خولی پەرلەمان چوارەم: پەسەندكردنی دەستلەكار كێشانەوەیەكی چەند ئەندامێكی پەرلەمان پێنجەم : ئەنجامدانی چەند كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان لەگەڵا حكومەت و كۆمسیۆن پاشان پەی لە راپۆرتەكەیدا بە چەند خالێك گرنگترین پێشێلكارییەكانی خستۆتە ڕوو، كە ئەمانەن: 1-لە بانگهێشتی پەرلەمانتاران بۆ كۆبوونەوەو دانانی بەرنامەی كار، پێشێلی روونی پەیڕەوی ناوخۆی تێدایە، بۆ نموونە لە یەكەم كۆبوونەوەوە كە لە (15/9/2017) بەڕێوەچوو. 2-زۆرینەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بەرنامەی كار رانەگەیەندراوە، یاخود ئەگەر راشگەیەندرابێت تەنیا كاتژمێرێك بەر لەكۆبوونەوەكان ئەندامان بە فەرمی ئاگادار كراونەتەوە. 3-لە هەندێك لە كۆبوونەوەكان بەرنامەی كار لە ئەندامان شاردراوەتەوە، بۆ نمونە بەرنامەی كاری رۆژی (30/9/2017) كە دەستلەكار كێشانەوەی (فەرهاد سەنگاوی) نەخرابووە بەرنامەی كارەوەو دەنگیشی لەسەر دراو لە پەرلەمان دوور خرایەوە. 4-لە كۆبوونەوەی رۆژی (30/9/2017)دا رێگە نەدرا (فەخرەدین قادر) وەك سكرتێری پەرلەمان بچێتە هۆڵی پەرلەمانەوەو لە شوێنی خۆی (وەك سكرتێر) نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی پێشكەش بكات. 5-بەشی زۆریی كۆبوونەوەكان كران بە داخراو، دوور لە چاوی راگەیاندن و جەماوەری كوردستان. 7-لە بەشێك لە كۆبوونەوەكان رێگە بە ئەندامانیش نەدراوە كە بیروڕای خۆیان دەربڕن، هەر بۆیە لە كۆبوونەوەی رۆژی (24/10/2017) كە تایبەت بوو بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان هەندێك لە ئەندامان كۆبوونەوەكانیان جێهێشت. 8-لەهەندێك لە كۆبوونەوەكاندا لەیەك دانیشتندا پرۆژەی یاسا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوەو لەهەمان كات و كۆبوونەوەدا خوێندنەوەی دووەمی بۆ كراوەو پەسەندیش كراوە. 9-لەنێو حەرەمی پەرلەماندا پەلاماری پەرلەمانتار دراوە، وەك پەلاماردانی پەرلەمانتار (رابوون مەعروف) لە رۆژی (29/10/2017)دا، كە ئەمەش پێچەوانەی پەیرەوە. 10-پەلاماردانی پەرلەمان لەلایەن كەسانێكەوە لە رۆژی (29/10/2017) كە هاندرابن و ئاسانكارییان بۆ كرا لە چوونە ناو پەرلەمانەوە، ئەمەش شكاندنی حەرەمی پەرلەمان بوو.