وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم لیستى موچه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت

کوردستان

02/07/2024‌ 12502 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم ئاشكرایكرد، وەزارەتی دارایی عێراق بەشێك لەموچەی فه‌رمانبه‌ران‌و موچه‌خۆرانى هەرێمی ڕەوانەكردوه‌و دارایی هه‌رێمیش ئه‌مڕۆ به‌گوێره‌ى ئه‌و پاره‌یه‌ى هاتوه‌، لیستى موچه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.


سه‌رچاوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی ئاشكرایكردوه‌، بەغدا موچەی مانگی حوزەیرانی كەسوكاری شەهیدان‌و چاودێری كۆمەڵایەتی‌و خانەنشینانی ڕەوانەی هەرێمى كوردستان كردوه‌.

به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌، وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، بڕی 184 ملیارو 338 ملیۆن‌و 216 هەزار دیناری وەکو موچەی مانگی حوزەیرانی خانەنشینانی مەدەنی‌و موچەی خانەنشینانی سەربازیی بۆ مانگی ئایارو حوزەیران خستوەتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم لەلقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، له‌گه‌ڵ ئه‌و پاره‌یه‌ش هه‌ر ئه‌مڕۆ به‌گوژمه‌یه‌كى تر، دارایی عێراق بڕی 10 ملیارو 191 ملیۆن دیناری موچەی مانگی حوزەیرانی موچەخۆرانی چاودێری کۆمەڵایەتی خستوەتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبانکی ناوەندیی عێراق.
 
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، دوێنێ وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 37 ملیارو 755 ملیۆن‌و 156 هەزار دیناریشی وەکو موچەی مانگی حوزەیرانی کەسوکاری ئەنفالکراوان‌و کیماباران‌و زیندانیانی سیاسی خستوەتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.
 
سه‌رچاوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، ئه‌مڕۆ لیستی موچە بڵاوده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌گوێره‌ى ئەو شوێنانە ڕادەگەیه‌ندرێت، کە وەزارەتی دارایی عێراق پارەکەی بۆ خەرجکردون.