لەراگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان دەربارەی سەردانەکەی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل بۆ مەزاری ئەنفالکراوان دەڵێت، دوێنێ بەبێ ئاگاداری و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان، سەرۆکی بەرەی گەل و ژمارەیەک لە کاندیدەکانی چونەتە مەزاری پیرۆزی ئەنفالکراوان لەدێبنە و دەرگای مەزارەکەیان کردوەتەوە چونەتە ژورەوە و دواتر دەرگاکەیان بە کراوەیی بەجێهێشتووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمە سەرباری ئەوەی هەر وەفد و لایەنێک سەردانی مەزاری ئەنفالکراوان بکات پێشتر هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیمان دەکات و ئێمەش پێشوازی لێدەکەین.
هەروەها دەڵێت، ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئیدانەی ئەم سەردانە دەکەین و پێمان وایە مەزاری پیرۆزی ئەنفالکراوان بەکارهێنراوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و بەرژەوەندی سیاسی، لەکاتێکدا ئەنفال پرسێکی نەتەوایەتیە و زۆر لەوە گەورەترە لایەنێک بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاریبهێنێت، بەهیچ شێوەیەکیش رێگەنادرێت مەزاری ئەنفالکراوان بۆ بانگەشەی حزبی بەکاربهێنرێت چونکە شوێنێی گشتییە.