ئیدارەی گەرمیان: رێگە نادرێت شوێنە گشتییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێنرێن

کوردستان

15/09/2024‌ 280 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند، رێگە نادرێت شوێنە گشتییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێنرێن لەلایەن حیزب و کاندیدەکانەوە.

 ئیدارەی گەرمیان لەڕونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، دوێنێ مەزاری پیرۆزی ئەنفالکراوان لەگوندی دێبنە لە لایەن سەرۆکی بەرەی گەلەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهێنراوە، لێرەوە دوپاتیدەکەینەوە کە بەپێی یاساکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەکارهێنانی شوێنە گشتییەکان بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەغەیە.

دەشڵێت، پشت بەستن بەو یاسایە بەهیچ شێوەیەک رێگەنادرێت بە هیچ حزب و لایەن و کاندیدێک شوێنە گشتیەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێنێت.