لەسنووری عەفرین شەڕ لەنێوان هاووڵاتیانی کورد و میلیشیاکانی تورکیا دەستیپێکرد و شەهید هەیە

کوردستان

15/09/2024‌ 789 جار خوێندراوه‌ته‌وه

کەنداڵ جودی:
 
 
  گوندی کاخرەی سەر بە عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەلایەن گروپە چەکدارەکانی دەوڵەتی تورکیا گەمارۆدراوەو هاووڵاتیانی کوردی گوندەکە ڕووبەڕووی چەکدارەکان بوونەوە.
 
 سەرچاوەکان لە گوندەکەوە بەشارپرێسیان ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دانیشتوانی گوندەکە ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە بڕیارەکانی ئەو چەکدارانە و ئەوانیش تەقەیان لە خەڵکی مەدەنی کورد کردووەو ٢٠ کەس شەهید و بریندار بوون.

  سەرچاوەکانی شارپرێس ڕایانگەیاندووە کە گروپە چەکدارەکان گەمارۆی گوندەکەیان داوە و نەیانهێشتووە هیچ کەسێک بچێتە دەرەوە نە بچێتە ناو گوندەکەوە.  هەروەها سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە هێشتا دۆخی گوندەکە ئاڵۆزە.  

 ئەو گرووپە چەکدارانە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە میتی دەوڵەتی  تورکیاوە هەیە، لە گوندەکە کە سەر بە ناحیەی ماباتای عەفرینە، تاوانیان لە دژی کورد ئەنجامداوە.

 بەگوێرەی سەرچاوەکانی شارپرێس، بە فەرمانی میتی تورکیا، کوردەکان بە زۆر لە ماڵەکانی خۆیان لە گوندی کاخرە دەردەکەن و لە شوێنی ئەوان چەکدار دادەنێن. 

 سەبارەت بەو بابەتە، وتەبێژی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا، ئیبراهیم شەیخۆ، ئەم زانیارییەی بۆ شارپرێس پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو گرووپانە بە زیاتر لە 500 چەکدار چوونەتە گوندەکە و بە ناچاری کورد لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە دەکەن و چەکدارەکانیان لە شوێنی کورد دادەنێن. 

  ڕاشیگەیاند کە ئێستا ماڵی کورد لەژێر داگیرکاری چەکدارەکاندایە.