له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا مه‌زڵوم كۆبانێ داواى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى توند ده‌كات

کوردستان

16/09/2024‌ 15122 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سەرکردایەتی هەرێمی فورات‌و ئەنجومەنی سەربازیی ڕەققە داوایكرد ئۆپەراسیۆنە ئەمنی‌و سەربازییەکانی دژ بەداعش چڕترو توندتر بكرێنەوە.


ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاشكرایكردوه‌، مەزڵوم کۆبانێ فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێمی فورات‌و ئەنجومەنی سەربازیی ڕەققەدا کۆبوه‌ته‌وه‌و داوایكردوە، ئۆپەراسیۆنە ئەمنی‌و سەربازییەکان دژی چه‌كدارانى داعش چڕتربكرێنەوە کە بەردەوام هێرشدەكەنەسەر هێزەكانی سوریای دیموكرات‌و خەڵكی سڤیلی كوردستان.

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا داوا لەفەرماندەیی گشتی ئەنجومەنی سەربازیی ڕەققە كراوه‌ كاری زیاتر بكەن بۆ بەرەنگاربونەوەی شانە نوستوه‌كانى داعش‌و لایەنە دوژمنکارەکانی دیکە له‌ناوچه‌كه‌دا.

کۆبانێ داواشی لەئەنجومەنی سه‌ربازیى ڕەققە کردوه‌ بەهاوکاری هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای كوردستان، ڕێوشوێنە ئەمنییەكان توندبكرێن‌و ڕێگریی بكرێت لەکێشە عەشائیرییەکان‌و هەروەها داوای چڕکردنەوە ڕێوشوێنه‌ ئەمنیه‌كانیش كراوه‌ لەدژی بازرگانانی مادەی هۆشبەر.