کۆریای باکوور 10 هەزار سەرباز بۆ شەڕکردن رەوانەی روسیا دەكات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 359 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ڕۆژنامەی کیێڤ ئیندیپێندێنت لە ڕاپۆرتێکدا کە پشتی بە لێدوانی دیبلۆماتکارێکی رۆژئاوایی بەستووە،  ئاشکرایکردووە کۆریای باکوور 10 هەزار سەربازی ڕەوانەی ڕووسیا کردووە بۆ ئەوەی لە جەنگی دژ بە ئۆکرانیا هاوکاریی مۆسکۆ بکات.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە قووڵبوونەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان مۆسکۆ و پیۆنگیانگ پەرەی سەندووە، بەتایبەتیی دوای ئەوەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دووپاتیکردەوە کە ئەم پەیوەندییە دەبێتە هۆی "تێوەگلانی ڕاستەقینەی کۆریای باکوور لە شەڕەکەدا" لە پاییزی ئەمساڵدا.

ئەوەش هاتووە: هێشتا جۆری سەربازەکان و رۆڵیان لە جەنگەکە روون نەبۆتەوە و نە لایەنی ڕووسی و نە ئۆکراینی هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم بابەتە نەداوە، بەڵام بە گوتەی دیپلۆماتکاران و شارەزایانی ڕۆژئاوا، ئەم هاوکارییە ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی پێویستی مۆسکۆ بۆ سەرچاوەکان بۆ درێژەدان بە شەڕی تێچووی زۆری لە ئۆکرانیا.

هەروەک دەڵێت: ڕێککەوتنێکی بەرگریی هاوبەش لە نێوان ڕوسیا و کۆریای باکوور لە سەردانەکەی سەرۆکی روسیا بۆ پیۆنگ یانگ لە سەرەتای ئەمساڵدا واژۆ کرا، زێلێنسکی هۆشداریدا لەوەی هاوکارییەکانی نێوان ڕوسیا و کۆریای باکوور بە شێوەیەکی بەرچاو قووڵتر دەبێتەوە، کۆریای باکوور سەربازەکانی بۆ بەرەی ئۆکرانیا دەنێرێت.

ڕاپۆرتەکانی کیم جۆنگ هیون وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور پشتگیری لە ئەگەری بڵاوەپێکردنی هێزی ئاسایی کۆریای باکوور لە ئۆکرانیا دەکەن، هەروەک هەواڵی کوژرانی ئەفسەرانی کۆریای باکووریش لە هێرشێکی ئۆکرانیادا بڵاوکراوەتەوە، هەرچەندە ئەم زانیاریانە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنانە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی