نزیکبوونەوەی رووسیا و کۆریای باکوور چین نیگەران دەكات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 236 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ڕۆژنامەی نەزاڤیسیمایا گەزێتای رووسیی لەراپۆرتێکدا ئاماژەی بەو نیگەرانیانە کردووە کە ڕووبەڕووی چین دەبێتەوە سەبارەت بە بەهێزکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور.

رۆژنامە رووسییەکە لەبەشێکی راپۆرتەکەیدا دەڵێت: هەرچەندە چین و ڕووسیا هاوبەشییەکەی خۆیان بە "بێ سنوور" وەسف دەکەن، بەڵام پەکین وریایە لە هەر جۆرە نزیکبوونەوەیەکی سەربازیی لە نێوان پیۆنگیانگ و مۆسکۆ کە لە گەشەکردندایە، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەکانی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەو وڵاتە.

هەروەک دەڵێت: پەکین هەست بە نیگەرانیی دەکات بەهۆی قووڵبوونەوەی هاوکارییەکانی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور، چونکە لەلایەک دەیەوێت پەیوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ کۆریای باکوور بپارێزێت، کە بۆ پاڵپشتی ئابووریی و سەربازی زۆر پشت بە چین دەبەستێت، لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵی باشترکردن  و  فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریکا و ئەوروپا دەدات.

ئەوەش هاتووە: ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزە چین دەخاتە بەردەم دووڕیانێکەوە، چونکە ناتوانێت بە تەواویی دەستبەرداری کۆریای باکوور و ڕووسیا بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا نایەوێت پەیوەندییەکەی لەگەڵ ڕۆژئاوا بخاتە مەترسییەوە.

بە گوتەی شارەزا جۆن دیلوری، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور سوودمەندە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی ستراتیژیی، ئەمەش ڕەنگە چین ناچار بکات گرنگی زیاتر بە کۆریای باکوور بدات. لە هەمان کاتدا پەکین نیگەرانە لە هەر پەرەسەندنێک کە ڕەنگە پاڵ بە کۆریای باشوورەوە بنێت بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، سیناریۆیەک کە چین هەوڵدەدات بە هەر نرخێک بێت لێی دوور بکەوێتەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی