مەسرور بارزانی: تا کۆتایيی ساڵی 2026 کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرتاسەری کوردستان دابین دەکرێت

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 195 جار خوێندراوه‌ته‌وه



دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کاتی سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

 سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند "پێش سێ مانگ، وەک قۆناغێکی ئەزموونی بۆ ئەم پڕۆژەیە، گەڕەکی شادی هەڵبژێردرا، بۆ ئەوەی بزانین تا چەند پڕۆژەکە سەرکەوتوو دەبێت. ئەمڕۆ سەردانی چەند ماڵ و خاوەنکارم کرد و زۆر ڕازی بوون لەوەی کارەبای نیشتمانی 24 کاتژمێریيان بۆ دابینکراوە".

بارزانی ڕاشیگەیاند "جگە لە گەڕەکی شادی کە وەکوو یەکەم گەڕەکی هەولێر بۆ قۆناخی ئەزموونی پڕۆژەکە پێشنیار کرا، لە قۆناخی دووەم و جێبەجێکردنی سەرتاسەری پڕۆژەکەدا، لە بەیانیيەوە گەڕەکی نازناز و پاشانیش گەڕەکی بەختیاری دەچنە سەر کارەبای 24 کاتژمێری".

دەشڵێت، ئەم خزمەتگوزارییە بۆ هەموو ناوچە و شار و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت. ئێستاش چەند گەڕەکێک لە شاری سلێمانی و دهۆک دەستنیشان کراون بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، بۆیە داوا لە دەسەڵاتی خۆجێی کراوە کە هاوکار بن و ڕێکارەکان بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە لەوێ و پاشان پارێزگای دهۆک و سەرجەم کوردستان جێبەجێ بکرێت.