شارپرێس:
لەڕوداوێکی نوێدا لەگەرمەی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیلو ئێران، دەزگای هەواڵگریی سەربازیی (شاباک)و پۆلیسی ئیسرائیل دەستگیرکردنی ڤلادیمێر ڤارهۆڤسکی هاوڵاتییەکی ئیسرائیلی تەمەن 35 ساڵو بەڕەچەڵەک ئۆکرانیان ڕاگەیاند، بەتۆمەتی بەسیخوڕگرتنی لەلایەن هەواڵگریی ئێرانییەوە دژ بەئیسرائیل.
دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندوە، گوماندەکرێت ڤارهۆڤسکی بۆ ئەنجامی چەند ئەرکێک لەبەرژەوەندیی ئێران بەسیخوڕ گیرابێت، لەوانە تیرۆرکردنی زانایەکی ئیسرائیلی بەبڕی 100 هەزار دۆلار، هەروەک ئەنجامدانی ئەرکەکانی وەک ڕشاندنی گرافیتیو کۆکردنەوەی زانیاریی هەستیار لەبارەی چەندین پێگەی ئیسرائیلەوە.
ئەم دەستگیرکردنە چەند ڕۆژێک دوای ئەوەدێت کە ڕێکخراوی شاباک ڕایگەیاند، هەوڵێکی ئێرانی بۆ تیرۆرکردنی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل پوچەڵکردوەتەوە، لەوانە یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگرییو بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلو هەروەک هەوڵێکی تیرۆرکردنیش بۆ سەر موشێ یەعلۆن وەزیری پێشوی بەرگریی لەمانگی ئەیلولی 2023 ئاشکرابوە.
نیگەرانییەکانی ئیسرائیل زیادیانکردوە بەهۆی ترسی ئەوەی ئێران هەوڵەکانی تیرۆرکردن لەدژی ئامانجەکانی ئیسرائیل چڕتربکاتەوە، بەتایبەتیی دوای پەرەسەندنی ئەمدواییەی غەززەو لوبنانو تیرۆرکردنی زۆرێک لەسەرکردەکانی حزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە.
ساڵانێکە شەڕێکی شاراوەی تیرۆرکردن لەنێوان تەلئەبیبو تاران بەردەوامەو یەکێکە لەلایەنە دیارەکانی ئەم ململانێیەی نێوانیان، بەشێوەیەک لەو ماوەیەدا ئێران توشی چەندین تیرۆری زانا ئەتۆمییەکانو بەرپرسانی سەربازیی پەیوەست بەبەرنامە ئەتۆمییەکەی بوهتەوەو دەسەڵاتدارانی ئێران ئیسرائیلیان بەئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبارکردوە.