سوپای ئیسرائیل بەفەڕمی کوشتنی سینواری ڕاگەیاند

جیهان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1129 جار خوێندراوه‌ته‌وه


سوپای ئیسرائیل بەفەڕمی کوشتنی یەحیا سینوار سەرۆکی بزووتنەوەی حەماسی ڕاگەیاند.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، سینوار لە باشووری کەرتی غەززە لەئێوارەی چوارشەممە کوژراوە.

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەنامەیەکدا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی لەکوشتنی سینوار ئاگادارکردووەتەوە.

بزوتنەوەى حەماس یەحیا سینوارى بە سەرۆکی حەماس لە شوێنى ئیسماعیل هەنیە دیاریکرد دوای کوژرانی هەنیە لەتاران لە کۆتایی مانگی تەموزی ڕابردوودا.

یەحیا ئیبراهیم حەسەن سینوار لە دایکبووی ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٢ە لەکەمپی خان یونس لەکەرتی غەززەی فەلەستین.

 سیاسەتمەدارێکی فەلەستینی و سەرکردەی بزووتنەوەی حەماسە، بەرپرسی ئۆفیسی سیاسی ئەو بزووتنەوەیە بووە لە غەززەو دواتریش کراوەتە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی.

 لە 2017 دەزگای ئاسایشی ناوخۆی حەماسی دروستکردووە و بە بەرپرسیاری یەکەمی هێرشەکەی سەر ئیسرائیل دادەنرێت لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو و لەلایەن ئیسرائیلەوە داواکراو بووە.

ناوبراو بەکەسێکی نزیک لە ئێران دادەنراو خواستی ئێران هەبوو لەجێگرتنەوەی هەنیە.