مام-وەستا و پەروەردە و ستراتیژیەتی نیشتمانی

مەلەفی تایبەت

19 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 110 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سامانی وەستا بەکر                              
مەبەستمە سەرنجی ئەو مامۆستایانە ڕاکێشم کە بەشێک یان زیاتری ئەم وتارە ئەیانگرێتەوە بە پێچەوانەشەوە مامۆستایانی "پەروەردە-دروستکار" جێگای شکۆو شانازین.
لەهاوینی ئەمساڵا لە گەشتەکەما بۆ کوردستان چەند شتێک سەرنجیان زۆر ڕاکێشام کە بەشێکیان ئومێدبەخش و بەشێکیشیان پێچەوانەکەی بوو، بەڵام ئەوەی کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام و نیگەرانی کردم پەروەردە بووکە مامۆستا پشكی شێری بەرەکەوێ لەوبوارەیا.
ساڵێ ١٩٨٠ کە لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی بووم و ساڵێ ١٩٩٦ کە دواساڵی خوێندم بوو لە زانکۆ هەمیشە مامۆستا دووکاری هەبوو:
یەکەم، پەروەردە.
دووەم، فێرکردن.
من کاری فێرکردن بەجێئەهێڵم بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پرۆسەی فێرکردن و فێربوون چونکە ناکرێ هەرکەس لەئاستی خۆیەوە هەڵسەنگاندنی بۆبکا بەڵکو ئەوە کارێکی زانستییە و ئەبێ بە داتا و بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵای بکرێ، بەڵام ئەوەی کە ئەمەوێ قسەی لەسەر بکەم "پەروەردە"یە.

ئەو سەردەمە ئازادی بوونی نەبوو، ناوهێنانی نیشتمان و خەباتکردن بۆ سەربەخۆی یان خۆبەڕێوەبەری بە خیانەتی نیشتمانی ئەژمارەکرا، مامۆستاکان ئەبوو لەوانەی پەروەردی نیشتمانیا بەشان و باڵی "سەدام حسێن"ا هەڵەن، لە وانەی مێژوو ئەبوو باسی قارەمانی سەرکردەی عەرەبیان بۆ بکردینایە، شۆڕشەکانی وەک شۆڕشی جەزیر، لیبیا، میسر...هتد بکردایە، ئەبوو ژیانامە و کار و چالاکی تاک بەتاکی سەرکردە مێژوویەکانی عەرەبمان بۆ ڕوونکەنەوەو وەک قارەمانێک پێمان بناسێنن.
لەوانەی جوگرافیایا فێری نەخشەی نیشتمانی عەرەبیان ئەکردین...هتد بەکوردی و بەکوردی ئەبوو فێری هەموو شتێکمان بکەن جگە لە کوردایەتی چونکە ئەگەر زانیاری بگەشتایەتە دەست بەعسی و ئەمەنەکان ئەوا تووشی لێپرسینەوە و زیندانی کردن ئەبوون  بــــــــــــــــەڵام لەگەڵ ئەوەشا هەرگیز فێری ئەوەیان نەئەکردین کە نیشتمان و خاکی کوردستانمان خۆشنەوێ، بەڵکو ئەگەر کەمترین بوار هەبووایە ئەوا بەڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ باسی خۆشەویستی کوردستان و خاک و ئاویان بۆ ئەکردین، لێرەیا نمونەی مامۆستایەکی جوامێر ئەگێڕمەوە.

ئەوکاتە لەسەردەمی ڕژێمەکەی سەداما بۆئەوەی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان و لە پەیمانگای مامۆستایان کە ئەوکاتە پێی ئەوترا "دار المعلمین" وەرگیرێی ئەبوو ئیمزای بەعسی بوون بکرێ و لەشەش مانگ کەمتریش قبوڵ نەئەکرا، هەربۆیە لەسەرەتای دەستپێکی خوێندی پۆلی سێیەمی ناوەندیا، پیاوانی حیزبی بەعس ئەگەڕان بەسەر ناوەندەکانی خوێننا بۆئەوەی زۆرترین گەنج ئیمزابکا و ببێ بە بەعسی.

بیرمە لە پۆلی سێی ناوەندی بووین لە ناوەندی ئازادی کوڕان لە برایم پاشا لە سلێمانی، کە ئەوکاتە مامۆستای زۆر قەدرگران و خۆشەویست مامۆستا "کاوس یوسف" بەڕێوبەر بوو، لەپرێکا درگای پۆل کرایەوە و سێ کەس هاتنە ژوورێ کە یەکێکیان مامۆستای جوگرافیا بوو، کە بەکوردیەکی تێکشکاو قسەی ئەکرد هەندێک ئەیانووت عەرەبە و فێری کوردی بووە هەندێکیش ئەیانوو کوردی ناوچە دوورەکانی گەرمیانە و بە بەعسی ناسراو بوو لەناو فێرخوازەکانا، پێمخۆش نییە ناوی بهێنم، لەگەڵ دوو کەسی بەعسییا، وانەی کوردیمان هەبوو کە مامۆستای زۆر سەنگین و شکۆمەند مامۆستا خالید وانەکەی پێئەوتین کە جێگری بەڕیوبەریش بوو.

بەهەرحاڵ بەعسییەکان دەستان کرد بە پیاهەڵانی سەدام و حیزبه بەعسا و پێیان وتین ئەگەر ئیمزانەکەن هیچ شانسێکتان نییە لەو دوو شوێنەی کە لەسەرەوە ناوم هێناون وەرگیرێن، پێش ئەوەی بچنە دەرەوە وتیان ئەوەی ئەیەوێ ئیمزای بەعسی بوون بکا بابێت بۆ ئەو ژوورەی کە دیاریان کرد بۆمان.
هەرکەڕۆشتن ماۆستا خالید بەدەنگی بەرز و زۆر بوێرانە پێی وتین "ئەوەی لەم درگایە بچێتە دەرەوە و بچێتە ئەو ژوورەی تر بۆ ئیمزاکردن بۆ بوون بە بەعسی شەرەفی نییە و درێژەی بە قسەکانییا دەستی کردن بە باسکردنی کوردایەتی و پیرۆزی خاک و نیشتمان" تا ئەم ساتەش کە بیرلەوکاتەو بوێری مامۆستا خالید ئەکەمەوە زیاتر لام گەورەترەبێ، چونکە ئەولەوکاتەیا لێنەگەڕا کە فێرخوازەکانی هەڵخەڵەتێنرێن، فێری خیانەکردن ببن لە دایکی نیشتمان، فێری ئەوەی کردین کە ئەبێ ئیردەمان بەهێزبێ و نابێ لەپێناوی بەرژەوەندی تایبەتا خۆمان ڕادەستکەین، فێری کردین ئەگەرکەڵەشریش نەبێ خۆر هەر هەڵیەت...هتد دروود بۆ ئەو مامۆستا خالید و هەموو ئەو مامۆستایانەی وەک ئەون.

لەو نمونەیەی سەرەوەیا مەبەستم بوو ڕۆلی مامۆستا و گەورەی ئەرکی ئەو کارەی کە لەسەر شانێتی بە مامۆستایان بەپلەی یەک و کۆمەڵگەش بناسێنم. تەنها ئەرکی مامۆستا فێرکردن نییە بەڵکو پەروەردە و فێرکردنە، ئەگەر سەرنج بەین پەروەردە لەپێس فێکردنەوە یەت، بەو واتایەی کە کارە گرنگەکە پەروەردەیە، چونکە چەن خەڵکانی بلیمەت هەبوونیان هەبێ ئەگەر پێشتر پەروەردەیەکی دروستیان پێنەگەشتبێ زانستەکەیان سود بەخش نابێ بەلکو هەندێجار بەزیانیش ئەشکێتەوە.

وەک خۆم سەردانی هەر شوێنێ بکەم پێمخۆشە گفتوگۆ لەگەڵ مناڵەکانا بکەم، چونکوم ئەوان ڕاستگۆترینن و ئاوێنەکیشن بۆ تێگەشتن، بەتایبەتی لەبواری پەروەردەیا، بۆیە کە لە کوردستان بووم زۆر بە گرنگییەوە لەگەڵ مناڵانا گفتوگۆم ئەکرد سەبارەت بە ڕەوشی پەروەردە و فێربوون.
ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام لایەنی پەروەردە بوو کە گرنگترینە لەو بوارەیا. هەڵەبەتە با ڕوونتربین پەروەردەش دوو بەشە بەشێکیان ئەکەوێتە ئەستۆی دایکان و باوکان بەشێکیشی ئەکەوێتە سەرشانی مامۆستایان.
ئەوەی منی نیگەران ئەکرد ئەو بەشەیە لە پەروەردە کە ئەکەویتە سەرشانی مامۆستایان، کە خۆی لە خۆی لە خۆشەویستی بۆ خاک، نیشتمان، نەتەوە، ئاڵا و کلتورا ئەبینێتەوە.
کاتێک کە گفتوگۆ لەگەڵ مناڵێکی کوردا ئەکەی لە هەرێمی کوردستان بۆتدەرەکەوێ کە کەمترین زانیاری لەسەر نئشتمانەکەی و مێژووەکەی هەیە، هەرئەوەشنا بەڵکو ئەوەی گرنگ نەبێ بەلایەوە ئەوەیە و هەندێجاریش بەگاڵتەجاڕییەوە باسی ئەکەن! کە ئەمە شکستێکی زۆر گەورەیە بۆ مامۆستایان بە گشتی و وەزارەتی پەروەردە بە تایبەتی.
ئاخر چۆن وانەبێ لە کاتێکا وەزیری پەروەردە هیچ کاتێک پلانێکی مامناوەند و درێژخایەنی نەبووە بۆ پەروەردەی مناڵان بەڵکو ئەوەی هەیانە پلانە بۆ فێرکردن.

مامۆستا و پەروەردە:
مامۆستا کە لەبنەڕەتا “مام-وەستا”یە کە بەتێپەڕبوونی کات پیتی “ۆ” شوێنی هەردوو پپتی “و-ە” گرتۆتەوە کە ئەمەش لەزمانی کوردیا زۆر باوە بۆ نمونە ساردبووەتەوە بووە بە ساردبۆتەوە هەروەک چۆن گەرمبووەتەوە بووە بە گەرمبۆتەوە.
لەسەرەتایا مام-وەستا پەیڤێ یان پێشگرێک بووە کە بۆ ڕێزلێنان و کارامەیی بەکەسێک وتراوە، کە لە کوردەواری و زۆربەی وڵاتان مام یان “عموا" لە عەرەبییا بە کەسێکی بەتەمەن یان گەورەتر لە خۆت ئەوترێ، وە وەستاش بە کەسی کارامە و شارەزا لەبواری کاری پێشەییا ئەوترێ بەڵام لە ئێستایا گۆڕاوە بۆ مامۆستا.
مامۆستا بە کەسی فێرکار ئەوترێ واتا کەسێک کە پیشەکەی وانە وتنەوە و پەروەردەکردنی دروست و تەندروستبێ.
بەڵام لە زمانی کوردییا ئەم پێشگرە واتا مامۆستا تا ئاستێک هەم لە واتای ناوە ڕەسەنەکەی خۆی کە “مام-وەستا”یە لاییاوە هەم ناوی مامۆستاش بەسەردوو چینا دابەش بووە.
چینی یەکەم مامۆستای فێرگەکانە بەگشتی.
چینی دووەم مەلا یان مامۆستای مزگەوتەکانە.
ئەمە وێڕای ئەوەی کە پێشناوی مامۆستا بۆ زۆر چینی دیکەش بەکارئەهێنرێ بۆ نمونە لە ئێستا بە زۆربەی خۆش-دەنگەکان “گۆرانیبێژ” ئەوترێ مامۆستا.
لەناو کوردا بە گشتی بە کەسی فێرکار بۆ هەموو قۆناغەکانی خوێند ئەوترێ مامۆستا واتا لە قۆناغی سەرەتایی تا زانکۆ بۆ نمونە، مامۆستای سەرەتای بەعەرەبی “معلم-معلمة”، مامۆستای ناوەندی و دواناوەندی “مدرس-مدرسة”، مامۆستای زانکۆ “أستاذ-أستاذة”.
لە ڕاستیا ئەبێ بەکەسێ بوترێ مامۆستا کە قۆناغی پەروەردەی فێرکاری خويندبێ و بڕوانامەی هەبێ، مەخابن ئەمڕۆ بەهەمووی ئەوترێ مامۆستا”.
ئەحمەد شەوقی “أمير الشعراء”ی عەرەب و بەڕەچەڵەک کورد ساڵی ١٩٣٢ لە مەراسیمێکا کە لەلایەن یانەی قوتابخانەی مامۆستایانی باڵا بەڕێوەچوو،، بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی مامۆستا لەنێو خەڵکییا وتی:( قم للمعلم وفه التبجيلا، كاد المعلم أن يكون رسولا ) واتا هەستە سەرپێ و ڕێزی لێبگرە، مامۆستا نزیک بوو لەوەی پەیامبەربێ.
مەخابن تابێت مامۆستا واتا قوڵ پڕ ماناکەی لەدەستەیا و بۆ ئەمەش کۆمەلگە ڕۆڵێکی خراپئەگێڕێ کە ئەمەش بە زەرەری بەرژەوەندی گشتی ئەگەڕێتەوە، چونکەم ئەگەر مامۆستا کە بە پێشەنگ، فێرکار و پەروەردەکار ئەناسرێتەوە شکۆی بەرز ڕانەگیری ئەوا ئەوە بە نێگەتیڤ بەسەر کۆمەڵگەیا ئەشکێتەوانێ.

لەمەشیانا دەسەڵاتداران و حکومەت بەرپرسن کاتێک کە مامۆستا برسی ئەکەن و مافەکانی لەبەرامبەر ئەرکەکانیا پێنابەخشن، لەبەرامبەریشا بەشێک لە مامۆستایان کەمتەرخەمەبن بەرامبەر ئەو کارە پیرۆزەی لەسەرشانیانە.

وێڕای قورسی و گرانی بەدەستهێنانی بژێوی ژیان بەڵام گرنگە مامۆستایان هەمیشە لە لوتکەیا بمێننەوە و ڕۆڵە مێژوویەکەی مامۆستایان لەبیرنەچێ کە پەروەردەی دروست و تەندروستە، بۆیە لەم نوسینەیا پێناسە، ئامانج و گرنگی وەبیر کۆی مامۆستایان بەگشتی و بەتایبەتی ئەو مامۆستایانە ئەهینمەوە کە گرنگی بەو پێگە مەزن و شکۆدارەنایەن کە لە کۆمەڵگەیا هەیانە.

پێناسەی په روە ردە: په روه ردە ڕۆڵێکی گرنگی هەیه لەژیانی کۆمەڵگەکان و گەلانا، پایەیەکی سەرەکی گەشه و پێکهاتە و سەرفرازییە کە ئامرازێکی سەرەکی مانەوەو بەردەوامبوونی کۆمەڵگەیە، هەروەکچۆن پێویستیەکی کۆمەڵایەتییە کە ئامانجی دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا و گرنگیانە بە مرۆڤ، هەروەها پێویستییەکی تاکەکەسیشە بۆ مرۆڤ، بەو پێیەی کەسایەتییەکەی پێکئەهێنێت و توانا و کلتورەکەی پاڵاوتە ئەکات بۆ ئەوەی لە کارلێککردن و هاوئاهەنگیا بێت لەگەڵ کۆمەڵگاکانی دەووروبەری و بەشدارییەکی کاریگەرانەی تیابکات.
ئەفلاتۆن توویەتی، پەروەردە ئەوەیە کە هەموو جوانی و کامڵبوونێک بە جەستە و ڕەوان ببەخشێت کە گونجاوبێت.

پەروەردە چییە؟
١. پەروەردە ئەوەیە کە کارەکتەری منداڵ لەسەر ئەو شتانە بنیات بنێت کە لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی شکۆدارا ئەگونجێت.
٢. پەروەردە بریتییە لە دروستکردنی تاکێک کە کەسایەتییەکی بەهێزی هەبێت، ڕەوشتی باشبێ، بیرکردنەوەی ڕاستبێ، نیشتمانەکەی خۆشبووێ، شانازی بە نەتەوەکەیەوەبکا، ئاگاداری ئەرکەکانی سەرشانیبێ.
٣. پڕ چەککردنی بەو زانیاریانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەیا پێویستی پێیئەبێت.
٤. ئامادەکردنی تاکێکە کە بتوانێ ژیانی پڕ و تەواو بژی.
٥. پەروەردە ژیانە، پرۆسەی گونجاندن یان کارلێکی نێوان تاک و ژینگەی دەوروبەری.
٦. پەروەردە پرۆسەیەکە کە کردار و کاریگەرییەکان لەخۆئەگرێت، کە گەشەی تاک لە هەموو لایەنەکانی کەسایەتیا ئەکاتە ئامانج، کە بەرەو کامڵبوونی ئەرکەکانی ئەبات بە گونجاندن لەگەڵ ئەوەی دەوروبەری، بەوجۆرەی کە ئەرکەکانی پێویستیان پێیەتی لەڕووی توانا و ڕەفاترەوە.
٧. پەروەردە بریتییە لە کردارێکی بە مەبەست و هەماهەنگ کە ئامانج لێی گواستنەوەی زانستە.
٨. دروستکردنی تواناکان و داڕشتنی مرۆڤە.
٩. پەروەردە هەوڵانە بەرەو کامڵبوون لە هەموو ڕوویەکەوە و بە درێژایی ژیان.

گرنگی پەروەردە:
گرنگییەکی زۆر لەنێوان کۆمەڵگە جیاوازەکانا هەیە لەوانە:
١. فاکتەرێکی گرنگ لە هاوسەنگی ژینگەیا، لەڕێگەی ڕۆڵی پەروەردەی ژینگەییەوە تاک پەروەردە ئەکات لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ژینگە و سروشتی دەوروبەریا، بەو پێیەی ژینگە تووشی پیسبوونی ژینگەی گەورە و مەترسیار بووە لە کە لەلایەن مرۆڤەوە ئەنجام ئەیرێت، لەبەر ئەو هۆکارە پەروەردە دەستی پێکردووە تا شوێنی پێویست بات بە ژینگە لە دڵی تاکەکانا بۆ پاراستنی، وە پێکهێنانی کەسێکی ژینگەپارێزی باش.
٢. پەروەردە بۆتە ستراتیژییەکی نیشتمانی بۆ خەڵکی جیهان، بودجە و پلان و سەرچاوە مرۆییەکانی لەلایەن سیاسەتی  وڵاتانەوە دائەڕێژرێت، بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە تاکەکان هیوادارن لە ڕێگەی پەروەردەوە بەدەستی بهێنن.
٣. فاکتەرێکی گرنگە لە گەشەسەندنی ئابوریا، لەڕێگەی پێکهێنانی تاکی شایستە و وەبەرهێن، ئامادەکاری و شیاوکردنی سەرچاوە مرۆییەکان بۆ کارکردن لە ئابوریا.
٤. فاکتەرێکی گرنگە لە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتیا، بەو پێیەی تاک پەروەردە ئەکات بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و ماف و ئەرکەکانی بناسێت.
٥. فاکتەرێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن کە هاوتەریب بێت لەگەڵ شارستانییەت، هاوسەنگ بێت لەگەڵ پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژیا، هەتاوەکولە ژیانێکی شکۆمەندانە بە خۆشگوزەرانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە نێوان هەموو تاکەکانا بژین.
٦. فاکتەرێکی گرنگە بۆ دامەزراندنی دیموکراسی دروست، بەو پێیەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی پیشانی تاکەکان ئەیات، بیرۆکەکان لە نەزانی ڕزگار ئەکات، بۆ ئەوەی تاکەکان باوەڕیان بە بۆچوون و جیاوازی ئەوانی دیکە هەبێت، هەروەها ڕۆڵی بەشداری کاریگەرانەیان لە گەشەپێیانی کۆمەڵگایاهەبێت.
٧. فاکتەرێکی گرنگە لە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، یەکگرتوویی نەتەوەیی، ناسیۆنالیزم لە ڕێگەی یەکخستنی هێز و ڕەوتەکان لە کۆمەڵگایا، بۆ دروستکردنی یەکێتییەکی فیکری کە ئەبێتە هۆی یەکگرتوویی کۆمەڵگا و یەکگرتوویی تاکەکانی.

ئامانجی پەروەردەیی:
هەرچەنە ئامانجەکانی پەروەردە لە سەرانسەری سەردەم و کۆمەڵگا جیاوازەکانا جیاوازن، بەڵام بە گشتی هەوڵەیات تاک لەگەڵ کۆمەڵگاکەیا تێکەڵ بکات و هەر بۆیەش خەمی تاک و کۆمەڵگا بە یەکسانی هەیە لەنێو ئەم ئامانجانەیا.
١. ئامادەکردنی هاوڵاتییەکی باش، کە بە یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی پەروەردە دائەنرێت لە سەردەمی کۆن و سەردەمی ئێستایا، بەو پێیەی پەروەردە پەیوەندی بە گەیشتن بە هاوسەنگی لە بیرکردنەوە و هەست و سۆز و جەستە و ئەخلاقی مرۆڤا هەیە، بۆ ئەوەی هاوڵاتییەکی باشی لێدروستبێ، بە ڕێککەوتن لەگەڵ خۆی و لەگەڵ کۆمەڵگایا.
٢. شیاو کردنی تاک لە ڕووی ئایینی و دونیاییەوە، وەک چۆن پەروەردە ئاڕاستە کرابوو لەگەڵ گەشەسەندنی کرۆنۆلۆژی ئاڕاستەی ئایینی و ڕۆحی تاکەکان، بە لەبەرچاوگرتنی پێداویستییە مرۆیی و دونیاییەکان.
٣. پەروەردەکردن و ڕاهێنانی تاک لەسەر چۆنیەتی کارکردن و پەیداکردنی بژێوی ژیانی، بەو پێیەی ئەو پرۆسەیە تاک بۆ ژیان شایستە ئەکات و وا ئەکات خۆی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریا بگونجێنێت.
٤. گواستنەوەی شێوازە ڕەفتارییەکان و پاراستنیان بەبێ گۆڕانکاری لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، وەک لە شێوازە کۆنەپەرستەکانی پەروەردەیا، وەک شارستانیەتەکانی چین و هیندستان و میسری کۆن، کە تێیدا پەروەردە ڕوانگەیەکی کۆنەپەرستانەی گرتەبەر کە خەمی داب و نەریتی بوو.
٥. ئامانجی گەشەپێدان بۆ کۆمەڵگا بە گشتی لە هەموو لایەنە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسییەکانا.
٦. ئامانجە زانستییەکان لەسەر گواستنەوەی زانست و مەعریفە بۆ گەڕان بەدوای زانست و ئامادەکردنی فێرخواز لە ڕووی دەروونییەوە، فێرکردنی ڕێگاکانی لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان و زانیاریەکان، ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی تاک بە شێوەیەکی زانستی، بە واتایەکی تر، پەروەردە چیتر پشت بە تەڵقین "ئیندۆکتریناسیۆن" نابەستێت و هەڵگرتنی زانیاری لە مێشکا، بەڵکو لەسەر دروستکردنی عەقڵ بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی بیربکەنەوە.
٧. پێکهێنانی تاک و کۆمەڵگەی دیموکراسی، بەجۆرێک تاک لە بیرکردنەوە و بۆچوونەکانیا سەبارەت بەوانیتر بیری کراوە بێت و لێیانەوە فێربێت و فێریان بکات، مافەکانی خۆی بزانێت و پەیڕویان بکات، چونکە چاکەی تاک چاکەی کۆمەڵگەشە و لە کۆتاییا کۆمەڵگایەکی دیموکراسی دروست ئەبێت.
٨. ئامانجێکی پێشکەوتنخوازانە کە بۆخۆی ئامانجێکی گرنگە، چونکە ئەبێتە هۆی گەشەکردنی تاک،هەروەک چۆن گەشەکردن پرۆسەیەکی بەردەوامە، پەروەردەش بە هەمان شێوە بەردەوامە.
٩. ئامانجێکی نیشتمانی و نەتەوەیی، چونکە پەروەردە ئامرازێکە بۆ بەهێزکردنی هەستی یەکێتی نیشتمانی و نەتەوەیی، هەستێک کە لە یەکگرتوویی زمان و مێژوو و جوگرافیا و هیوا و خواستەکان بۆ داهاتوو سەرچاوە ئەگرێت.