هەڤرین خەلەف پێشەنگی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان

ڕاپۆرت

13/10/2024‌ 7301 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس: کەنداڵ جودی
ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ژنە سیاسەتمەدار و سەرکردە لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان هەڤرین خەلەفە.  دایکی هەڤرین دەڵێت: "هەموو ژنێکی کورد، عەرەب و مەسیحی، ئەمڕۆ ڕێبازی کچەکەی پەیڕەو دەکات، چونکە وەک ڕەمزی ژنانی جیهان پێناسەی دەکەن".

 هەرچەندە ٥ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی هەڤرین خەلەفی کچەکەیدا تێپەڕیوە، بەڵام سوعاد مستەفای دایکی ژوورەکەی کردووەتە مۆزەخانەیەکی بچووک و هەموو کەلوپەلەکانی داناوە بەو هیوایەی ڕۆژێک بگەڕێتەوە.

 هەڤرین خەلەف، وەک سەدان ژنی کورد، لە خەباتێکی ناوازەدا بوو بۆ مافەکانی گەلەکەی، بێ دوودڵی پەیوەندی بە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە کرد و بوو بە پێشەنگی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان.  

 چارەنووسی هەڤرین هاوشێوەی هەموو ژنە پێشەنگەکانی کورد بوو، کە یەکسەر بوون بە ئامانجی دەوڵەتی تورکیاو هەڤرین خەلەفی کوشت.  

 سوعاد مستەفا، دایکی شەهید هەڤرین، بۆ شارپرێس دەڵێت، بە کوشتنی هەڤرین خەلەف، پێیان وابوو ترس لە ئافرەتدا دەچێنن، با ئەردۆغان بزانێت ئەگەر هەڤرین لەناوبرا، ئەمڕۆ سەدان هەزار هەڤرین لەدایک بوو، هەموو ژنێکی کورد، عەرەب و مەسیحی، لەدایکبووەو لە پەیڕەوکردنی ڕێبازی هەڤرین خەلەف بەردەوامن، چونکە هەڤرین خەلەف وەک هێمای ژنانی جیهان پێناسە دەکرێت".
  
  هەڤرین خەلەف کێیە؟ 
 هەڤرین خەلەف خەڵکی شاری دێرکی ڕۆژئاوای کوردستانە و دەرچووی فاکەڵتی کشتوکاڵی پارێزگای حەلەب بووە و بووەتە ئەندازیاری کشتوکاڵی.

  لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٢، هەڤرین خەلەف بووە بە بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئابووری کانتۆنی قامیشلۆ و تا ساڵی ٢٠١٤ کارێکی گرنگی بۆ پەرەپێدانی چالاکییە ئابوورییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە.
 
دوای دامەزراندنی ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤  هەڤرین خەلەف بووە هاوسەرۆکی دەستەی وزەی هەرێمی جزیرە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥دا جارێکی دیکە هەڤرین خەلەف گەڕایەوە سەر چالاکییە ئابوورییەکان و بوو بە هاوسەرۆکی دەستەی ئابووری هەرێمەکە. 

 دوای ئەوەی هێزەکانی هەسەدە زۆر ناوچەی عەرەبییان لەدەست داعش ڕزگار کرد وەک ڕەقە، دێر زۆر، منبج و تەبقە، هەڤرین خەلەف هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی پارتێکی سیاسی دەستپێکرد کە نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی سوریا بکات.

 لە ئەنجامدا لە ساڵی ٢٠١٨ کۆنگرەی دامەزرێنەری پارتی سوریای ئایندە لە شاری ڕەقە بەڕێوەچوو و هەڤرین خەلەف وەک سکرتێری گشتیی ئەو پارتە هەڵبژێردرا.

 کێ بەرپرسیارە لە کوشتنی هەڤرین؟ 
  ئەبو حاتم شەقرادا کە بەرپرسە لە کوشتنی هەڤرین خەلەف و بەرپرسی گروپی ئەحرار شەرقیەیە، هاتوچۆی تورکیا دەکات لەکاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان کوشتنی هەڤرین خەلەفی بە تاوانی جەنگ وەسف کرد. 

 دۆسیەی هەڤرین خەلەف لە ئەوروپا کرایەوە 
 دایکی شەهید هەڤرین دەڵێت، لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە دادگای یەکێتی ئەوروپا بە تۆمەتی کوشتنی کچەکەی سکاڵای یاسایی لەسەر ئەردۆغان تۆمار کرد : "من لە ڕێگەی پارێزەرانەوە لە ئەوروپا سکاڵایەکی یاساییم لەسەر ئەردۆغان تۆمار کرد و پارێزەران بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە دەکەن هیوادارم یەکێتی ئەوروپا بڕیارێک سەبارەت بە ئەردۆغان بدات چونکە ئەو بەرپرسیارە لە کوشتنی کچەکەم".