پەرلەمانی ئەوروپا ئیدانەى یاسای نوێی عێراق تایبەت بەباری کەسی دەکات‌و مەرجیش دادەنێت

ڕاپۆرت

12/10/2024‌ 10345 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ تایبه‌ت:

لە 10ی تشرینی یەکەمی 2024، پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارنامەیەکی سەبارەت بەدۆخی مافەکانی ژنان لەعێراق پەسەندکرد، بەتایبەتی تیشکی خستەسەر پڕۆژەیاسایەکی نوێی مشتومڕاوی کە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە تاووتوێدەکرێت.


ئەو پڕۆژەیاسایە کە گۆڕانکاریی لەیاسای باری کەسێتی ژمارە 188/1959 لەخۆدەگرێت، ڕەنگە کاریگەری ڕیشەیی لەسەر مافەکانی ژنان‌و ئازادییە مەدەنییەکان لەعێراقدا هەبێت، ئەم یاسا نوێیە بەرپرسیارێتی بابەتەکانی یاسای خێزان وەک هاوسەرگیریی، جیابونەوەو پەروەردەکردنی منداڵ لەدادگا مەدەنییەوە دەگۆڕێت بۆ دادگای ئایینی، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی دابەشبونی ئایینی جددی‌و مامەڵەی نایەکسان.

کێشەی هەمواری یاسای عێراق
بەوتەی شارەزایانی نەتەوەیەکگرتوەکان، ئەم پڕۆژەیاسایە گۆڕانکاریی نائارامکەر بەدوای خۆیدادەهێنێت، یەکێک لەلایەنە نیگەرانکەرەکان ئەوەیە کە تەمەنی یاسایی هاوسەرگیریی دادەبەزێنێت بۆ تەنها نۆ ساڵ بۆ کچان‌و پانزە ساڵ بۆ کوڕان، ئەمەش دەتوانێت مەترسی توندوتیژی دژی ژنان‌و کچان زیادبکات‌و ئامادەیی بۆ بازرگانیکردن‌و ئیستغلالکردن زیادبکات، بەتایبەتی بۆ منداڵانی هەتیوو کەمتەرخەم لەڕوی ئابورییەوە، دادگای باڵای عێراق پێشتر هەندێک لەگۆڕانکارییە مشتومڕاوییەکانی پەسەندکردوە، جگە لەوەش 73%ی بەشداربوان لەعێراق پشتگیریی لەدژایەتیکردنی گۆڕانکارییەکان دەکەن، بەوپێیەی مەرجی دەستوری یەکسانی جێندەری پێشێلدەکەن.

ئیدانەو پلانی کارکردنی پەرلەمانی ئەوروپا
پەرلەمانی ئەوروپا داوا لەپەرلەمانی عێراق دەکات ئەم گۆڕانکاریانە ڕەتبکاتەوەو وەبیری دەهێنێتەوە کە ئەو پڕۆژەیاسایە پێشێلکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی عێراق دەبێت بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان، پەرلەمان جەخت لەوەدەکاتەوە، گۆڕانکارییەکان زیان بەناوبانگی نێودەوڵەتی عێراق بگەیەنن‌و لێکەوتەی ئابوریی لێبکەوێتەوە، هەروەها یەکێتیی ئەوروپا داوادەکات، دابینکردنی پارەی هاوکارییەکان لەداهاتودا بەمەرج بکرێت بەدامەزراندنی ناوەندی ژنان‌و بەهێزکردنی پارێزگاری یاسایی لەبەرامبەر توندوتیژیی جێندەریی.

هەروەها پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا ڕێز لەچالاکوانان‌و ڕێکخراوە ناحکومییەکانی عێراق دەگرێت کە خەبات بۆ مافەکانی ژنان دەکەن، هەروەها داوا لەوڵاتانی ئەندام دەکات پاڵپشتی ڕێکخراوەکانی ژنان لەعێراق بکەن.

یەکێتیی ئەورووپا پێداگریی لەسەر بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ لیژنەی مافی مرۆڤی عێراق دەکات‌و پێشنیازی ئەوەدەکات، هاوکارییەکانی داهاتوو بۆ عێراق وابەستەی ئەو وڵاتە بکرێن کە بەرەنگاربونەوەی هاوسەرگیریی منداڵان‌و بەتاوانبارکردنی توندوتیژیی خێزانی.