شارپرێس:
کەشناسێکی کورد زانیاریی لەبارەی هاتنی شەپۆلێکی نوێی تاوەبارانو تەرزە ئاشکرادەکاتو ڕایدهگهیهنێت، "ئەمڕۆ لەناوچە شاخاوییەکانی هەولێرو ئیدارەی ڕاپەڕین ئەگەری تاوەبارانو هەورە بروسکە هەیە"، دهشڵێت:"كۆتایی هەفتەش تاوە بارانو هەورە بروسکە سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە".
شاڵاو هیدایەت شارەزای بواری كەشناسی ئاشكرایكردوه، ئەمڕۆ سێشەممە لەناوچە جیاوازهكانی هەڵەبجەو سلێمانیو بەشێكی گەرمیانو بەشێكی كەمی ئیدارەی ڕاپەڕینو ڕۆژههڵاتى شاخاوی سنوری هەولێر، ئەگەری تاوە بارانو هەورە بروسكه هەیهو لەمڕۆوە بۆ ڕۆژانی داهاتوو خێرایی با زیاد دەكات ناو بەناو".
ئهو شارهزایهى بوارى كهشناسى ئاماژهى بهوهشكردوه، لەكۆتایی ئەم هەفتەیەو بەتایبەت لەپێنجشەمەوە تا كاتی جیاجیاى ڕۆژى یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو، بەهۆی كاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی خەماسینی باكوری ئەفریقیا پلهكانی گەرما لەڕۆژانی داهاتوداو كاتی حاڵەتەكە 2تا 4 پلەی تر بەرزدەبنەوە.
ئهوهشى وتوه، "لەكۆتاییەكانی ئەم هەفتەیەو سەرەتاكانی هەفتەی داهاتوو، حاڵەتێكی تاوەبارانو هەورە بروسكە بۆ هەندێ شوێنیش تەرزە، سەرجەم ناوچە جیاوازهكانی هەرێم دەگرێتەوە، بەهۆی كاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی خەماسینی، بەكاریگەرییو بڕی جیاواز لهگەڵیدا خێرایی با زیاد دەكاتو ناو بەناویش ئەگەری دروستبونی تەپو تۆز هەیەو خۆڵبارینێكی چڕ بیابانەكانی عێراقو هاوسنورى سوریا دەگرێتەوە، بەشێكی ئەو خۆڵبارینەش بەهۆی بای باشوری خۆرئاواو خۆرئاوا ڕەنگە بگاتە ناوچە جیاوازهكانی ئێمەو پلهكانى گهرما بهرزدهبێتهوه".
