رۆژنامەنوسێک ئاشکرای دەکات، دەزگای هەواڵگری تورکیا کە بە میت ناسراوە دوو راپۆرتی 60 لاپەڕەیی لەسەر پارتی بۆ ئەردۆغان بەرزکردووەتەوە و گومانیان لە جوڵەکانی پارتی هەیە.
رۆژنامەنوس دڵشاد ئەنوەر کۆمەڵێک زانیاری لەسەر گۆڕانی پەیوەندییەکانی پارتی و تورکیا ئاشکرا دەکات و دەڵێت: تا ئەم ساتەی من دەنوسم، هیچ گرفتێک لە نێوان تورکیاو پارتی لە ئارادا نییە، بگرە هەماهەنگی و کار بۆ کردن لە ئارادایە، بەڵام دوور نییە هەندێک بابەت نێوانیان ئاڵۆز بکات.
ئەو رۆژنامەنوسە لە فەیسبووکی خۆی نوسیویەتی: تورکیا، پارتی وەکو هێزێکی گەورە قەبوڵ نییە، چونکە دواجار هێزێکی کوردییە، پارتیش دەرفەتی بۆ بڕەخسێت زۆر مل بە تورکیا نادات و مەیلانە بەلای ڕۆژائاوادا، بۆیە با کاری پێکەوەیی بکەن، بەڵام دواجار بێ متمانەیی هەیە.
ئاشکرا دەکات، کە زانیارییەک لە ئارادایە، گوایە میتی تورک دو راپۆرتی شەست لاپەڕەیی لەسەر پارتی ئاراستەی ئەردۆغان کردووەو بە مەترسی زانیووە، بەڵام ترسی تورکیا لە پارتی بۆ ئەم قۆناغە نییە.
ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەڕێوەچوونی نزای نیشتمانی، گومان لە پەیوەندی ئیسرائیل و پارتی، پێشوازی فەرەنساو ئوردن و وڵاتانی تر لە بەرپرسانی پارتی بۆ تورکیا مایەی گومانە، تورکیا پێیوایە هێدی هێدی پارتی لە کۆنترۆڵ دەردەچێت.
دڵشاد ئەنوەر ئەوەشی خستووتەروو، کە تورکیا بۆ دوور مەودا پارتی بە مەترسی دەزانێت، با ئێستا نێوانیان باش بێت و ئیش بەیەک بکەن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە تا کوێ پارتی و تورکیا بەردەوام دەبن.
