دانیشتووانی شارۆچكەی رەفەح دەڵێن، سوپای ئیسرائیل داروپەردووی ماوەی شاری ڕەفەح لە باشووری كەرتی غەززە دەڕووخێنێت و لەنێودەبات، ترسیان هەیە ئەوە بەشێكبێت لە پلانێك بۆ كۆككردنەوەی فەلەستینییەكان لە كەمپێكی بەرفراوان.
نزیكەی دوو مانگە هیچ خۆراك و پێداویستییەكی پزیشكی نەچووەتە ناو كەرتی غەززەوە كە 2.3 ملیۆن دانیشتووی هەیە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل، ئاشكرایكردووە، سوپای ئیسرائیل "ناوچەیەكی مرۆیی" نوێ لە ڕەفەح دادەمەزرێنێت، دوای ئەوەی پشكنینی ئەمنی دەكرێت بۆ ڕێگریكردن لە چوونە ژوورەوەی چەكدارانی بزووتنەوەی حەماس و خەڵكی مەدەنی لەوێ نیشتەجێ دەكرێن و كۆمپانیا تایبەتەكان هاوكارییەكان دابەش دەكەن.
ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێن دانیشتوانی غەززە لە لێواری برسێتی و نەخۆشی بەربڵاودان و ئێستا بارودۆخەكە لە خراپترین ئاستیدایە لەو كاتەوەی شەڕەكە لە ٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣ دەستیپێكردووە.