لەسنووری دیمەشق پێکدادان لەنێوان دروزەکان و هێزەکانی دیمەشق ڕوویدا و ڕەوشەکە بەرەو ئاڵۆزی دەچێت

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 942 جار خوێندراوه‌ته‌وه

چالاکوانانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاند کە لە گەڕەکەکانی جەرمانا لەریفی دیمەشق ڕوداوی خوێناوی ڕوویانداوە.

هاوکات ژمارەی کوژراوان بۆ 12 کەس بەرزبووەتەوە کە شەشیان دانیشتووی شارەکەن و 15 کەسی دیکەش بریندارن. 

هەروەها  لەنێو کوژراوەکاندا شەش ئەندامی هێزەکانی حکومەتی سوریا هەن و پێشبینی دەکرێت بەهۆی سەختی برینەکانیشیانەوە ژمارەی کوژراوەکان بەرزببێتەوە.

لەئێوارەی ڕۆژی دووشەممەوە لە شاری جەرامانا  پێکدادان لە نێوان گروپە چەکدارە ناوخۆییەکان و هێزی حکومەت ڕوویداوە.

ئەم پێشهاتانە دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی کەسێکی کۆمەڵگەی دروز هات ، کە هێرشی کردبووە سەر ئیسلام و ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی ناڕەزایی جەماوەری و هاندانی تائیفی لە چەند پارێزگایەکی سوریا، بەتایبەتی لە شارەکانی حەلەب و حومس و دیمەشق.

لە کاتی پێکدادانەکەدا چەکی سوک و مامناوەند بەکارهێنرا، لەگەڵ تۆپباران لە گەڕەکی ئەلنەسیمەوە، کە چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان کردە ئامانج. ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو هاوڵاتیانی مەدەنیدا دروستکرد، لەکاتێکدا تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی ڕوون بۆ کەمکردنەوەی ئاستی خراپی دۆخەکە دەرنەکەوتووە، سەرەڕای چەندین جار بانگەوازی کەسایەتییە ناوخۆییەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی زیاتر.