دارایی عێراق لەبارەی خەرجییەكانەوە مەترسییەك ئاشكرادەكات...هۆشداریش بەهەرێم دەدات

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 875 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دارایی عێراق ڕاپۆرتی دارایی بۆ نۆ مانگی ئەمساڵ بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، قەبارەی خەرجییەکان زۆر زیاترە لەداهات و کورتهێنانێکی گەورە دروستبوە، لەبارەی هەرێمیشەوە دەڵێت، بڕی هەشت ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوەو تەنیا 679 ملیار وەك داهاتی نانەوتی گەڕاوەتەوە.


وەزارەتی دارایی عێراق ڕاپۆرتێكی وردی  بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند، لەنۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کۆی گشتیی داهاتی عێراق 91 تریلیۆن و 847 ملیار دینار بوە، کە بەمشێوەیە دابەش بوە:

داهاتی نەوت: 81 تریلیۆن و 748 ملیار دینار (بە ڕێژەی 90%).

داهاتی نانەوتی: 9 تریلیۆن و 419 ملیار دینار (بە ڕێژەی 10%).
خەرجییەکان گەیشتونەتە نزیکەی 100 تریلیۆن

لەبەرامبەر داهاتدا، خەرجییە گشتییەکانی عێراق لەو ماوەیەدا گەیشتوەتە 99 تریلیۆن و 976 ملیار دینار.

بەو پێیەش بڕی کورتهێنان لەبودجەدا بۆ ئەم نۆ مانگە، زیاتر لە 8 تریلیۆن دینار بوە.

تەنیا بۆ موچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی، بڕی 68 تریلیۆن و 156 ملیار دینار خەرجکراوە.

لەبارەی هەرێمشەوە، لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، بەغدا بڕی 8 تریلیۆن و 331 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردوە.

لەكاتێكدا، بڕی 679 ملیار و 346 ملیۆن دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.