كیم جۆنگ پەیامی کۆتایی دەداتە ئەمریکا.. یان دانپێدانانی ئەتۆمیی یان هیچ

جیهان

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3009 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەنوێترین پەرەسەندندا، كیم جۆنگ ئون ڕێبەری كۆریای باكور، مەرجی وڵاتەکەی بۆ گەیشتن بەتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا ئاشکراکرد، ئەویش دانپێدانانی فەرمییە بەکۆریای باکور وەک هێزێکی ئەتۆمیی.


بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریا، كیم جۆنگ ئون ڕایگەیاندوە، تێگەیشتن لەگەڵ واشنتۆن تەنها کاتێک دەبێت کە ئەمریکا دان بەو دۆخە ئەتۆمییەدا بنێت کە لەدەستوری کۆریای باکوردا چەسپێنراوە، هه‌روه‌ها واشنتۆن واز لەسیاسەتە دوژمنکارانەکانی بەرامبەر وڵاتەکەی بهێنێت.

لەهەنگاوێکی توندتردا، ڕێبەری کۆریای باکور هەموو جۆرە گفتوگۆیەکی لەگەڵ کۆریای باشور ڕەتکردەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکومەتی سیئۆل هەوڵیدابوو پەیوەندییەکان ئاسایی بکاتەوە، بەڵام بیۆنگیانگ هەموو هەوڵەکانی پەکخستوە.

ئەو لێدوانانەی كیم، هاوکاتن لەگەڵ ئامادەکارییەکانی ئەمریکاو کۆریای باشور بۆ ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی گەورە لەنێوان 9 بۆ 19ی ئاداری داهاتوو، بەرپرسانی سەربازیی هەردوو وڵات جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌، مانۆڕەکان بەرگریین‌و ئامانجیان، بەرزکردنەوەی توانای بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکورە، ئامادەکارییە بۆ گواستنەوەی کۆنترۆڵی سەربازیی بۆ کۆریای باشور تاساڵی 2030.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، کۆریای باشور پێشنیازی کەمکردنەوەی مەشقە مەیدانییەکانی کردوە بۆ ئەوەی دەرفەتێک بۆ دیپلۆماسی لەگەڵ باکور بدات، بەڵام ئەو پێشنیازە لەلایەن ئەمریکاوە ڕەتکراوەتەوە، ئەمەش دەریدەخات کە واشنتۆن بژاردەی گوشاری سەربازیی لەپێشینە داناوە.