دەرمانێکی نوێ، شۆڕشێک لەبواری چارەسەرى نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوەم بەرپا دەکات

تەندروستی

15 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1093 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توێژەران دەرمانێکی نوێیان بە ناوی "ئۆرفۆرگلیپڕۆن" (orforglipron) بۆ تووشبووانی شەکرەی جۆری دوو ناساندووە کە گۆڕانکارییەکی گەورە لە چارەسەرکردندا دروست دەکات.

ئەم دەنکۆڵەیە نەک تەنها ئاستی شەکر لە خوێندا ڕێکدەخات، بەڵکو یارمەتیدەرێکی بەهێزیشە بۆ دابەزاندنی کێش و دەکرێت ڕۆژی تەنها یەک جار بخورێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە پابەندبوون بە کاتێکی دیاریکراو یان جۆری خواردن و خواردنەوە هەبێت.

لەم توێژینەوەیەدا کە لەسەر 1500 نەخۆش لە 5 وڵاتی جیاواز ئەنجامدراوە، بەراوردی ئەم دەرمانە لەگەڵ "سیماگلۆتاید"ی دەمەکی کراوە.

 ئەنجامەکان دەریانخستووە کە "ئۆرفۆرگلیپڕۆن" لە ڕووی ئاسانی بەکارهێنانەوە زۆر لە پێشترە، چونکە بە پێچەوانەی دەرمانە کۆنەکە، پێویستی بەوە نییە بەیانیان بە گەدەی خاڵی و بە بڕێکی زۆر کەمی ئاو بخورێت.

لە ماوەی ساڵێکدا، بەشداربووان توانیویانە لە نێوان 6% بۆ 8%ی کێشیان دابەزێنن، لە کاتێکدا ئەو ڕێژەیە بۆ دەرمانە کۆنەکە تەنها 4% بۆ 5% بووە.

 هەرچەندە هەندێک کاریگەریی لاوەکیی لەسەر کۆئەندامی هەرس تێبینی کراوە، بەڵام زانایان لە گۆڤاری "لانست" ئاماژەیان بەوە کردووە کە سوودەکانی ئەم دەرمانە و سادەیی خواردنی، دەبێتە هیوایەکی نوێ بۆ ملیۆنان نەخۆش کە بەدەست قورسیی ڕێکارەکانی وەرگرتنی چارەسەر یان دەرزی لێدانەوە دەناڵێنن.