شارپرێس:
دیزاینی ئۆتۆمبێلە کارەباییە نوێیەکەی فێراری بە ناوی "Luce"، کە لەلایەن جۆنی ئایڤ دیزاینەری پێشووی ئەپڵەوە کێشراوە، کاردانەوەی جیاوازی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتۆتەوە.
بەشێک لە بەکارهێنەران و وەبەرهێنەران بێهیوایی خۆیان لە شێوازی ئۆتۆمبێلەکە دەربڕیوە، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکە لە سەرەتای مامەڵەکانی ڕۆژی سێشەممەدا. تەنانەت شارەزایان شێوازی ئۆتۆمبێلەکەیان بە تێکەڵەیەک لە هۆندا ئەکۆرد و تێسلا-3 وەسف کرد.
ئەم ئۆتۆمبێلە 5 سەرنشینە، خێراییەکەی دەگاتە 310 کلم/کاتژمێر و لە 2.5 چرکەدا دەگاتە 100 کلم/کاتژمێر، نرخەکەشی 559 هەزار یۆرۆیە.
فێراری کە گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلە لە ئەوروپا، پلان دەنێت تا ساڵی 2030 ڕێژەی 20%ی فرۆشتنەکانی کارەبایی بن.
هاوکات ڕۆژنامەی "وول ستریت جۆرناڵ" ئاماژەی بەوە کردووە کە دابەزینی بەهای ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە کاتی دووبارە فرۆشتنەوەدا، دەبێتە دۆخێکی نەرێنی بۆ فێراری، چونکە بازاڕی بەکارهاتوو بۆ ئەم کۆمپانیایە زۆر گرنگە کە هێشتا 90%ی بەرهەمە کۆنەکانی لەسەر شەقامەکان کار دەکەن.