حكومەتی عێراق بەفەرمی ڕێكارەكانی دامەزراندنی گرێبەستەكانی ڕاگەیاند

عیراق

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 322 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حکومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە لەڕەشنوسی یاسای بودجەی ساڵی 2027دا زیاتر لە 500هەزار فەرمانبەری کاتی و ڕۆژانە لەدامودەزگاکانی دەوڵەتدا دەکرێن بەهەمیشەیی.


حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران، رێکارەکانی بەهەمیشەیی کردنی بۆ زیاتر لە 500 هەزار فەرمانبەری کاتی و ڕۆژانە تەواو کراون و پارەی پێویستیان لەبودجەی 2027دا بۆ تەرخان کراوە، وتیشی، ئەم هەنگاوە لەبەر زیادبونی ژمارەی دانیشتوان و بۆ ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ گەنجان.

وتەبێژی حکوومەت ئاشکراشیکرد، 120 هەزار هەلی کاری نوێ بەشێوەی گرێبەست بڕیاری لێدراوە، بەجۆرێک 50 هەزار هەلیان بۆ دەزگا ئەمنییەکان دەبێت و 70 هەزارەکەی دیکەش بەسەر وەزارەتەکان و پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت، جەختیشی کردەوە، داواکارییەکان لەرێگەی ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنییەوە وەردەگیرێن تاوەکو شەفافیەت و دادپەروەری تێدا بێت.

دەشڵێت، بودجەی ساڵی 2027 دوای تاوتوێکردنی لەکۆبونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئەنجومەنی وەزیران، رەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ پەسەندکردنی، دواتریش بەفەرمی دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ هەلی کارە نوێیەکان دەکرێتەوە.