حەوت خوی کاریگەر بۆ درێژکردنەوەی تەمەن‌و باشترکردنی تەندروستیی

هەمەڕەنگ

09/12/2025‌ 1091 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شارەزایانی بواری پیریی، جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە، تەنها درێژکردنەوەی "ماوەی ژیان" گرنگ نییە، بەڵکو باشترکردنی "ماوەی تەندروستی" (ساڵانی تەندروستی باش) گرنگترە.


لەڕاپۆرتێکدا، ئەوان حەوت خوی سەرەکییان پێشکەشکردوە کە کاریگەری زۆریان هەیە:
1ـ ژیان بەئامانجێکی ڕونەوە:
بونی "هۆکارێک بۆ ژیان" یارمەتیدەرە لەپاراستنی تەندروستی دەرونی‌و جەستەیی، لێکۆڵینەوەكه‌ دەریخستوە کە هەستکردن بەئامانج، ئەگەری توشبون بەخەمۆکی‌و کەمبونەوەی توانای ناسین بەڕێژەی 28% کەمدەکاتەوە.

2ـ پاراستنی پەیوەندی کۆمەڵایەتیی بەهێز:
گۆشەگیریی کۆمەڵایەتیی خێرایی لەدەستدانی یادەوەریی زیاد دەکات، لێکۆڵینەوەیەکی هارڤارد (کە زیاتر لە87 ساڵی خایاند) دەریخستوە کوالێتی پەیوەندییەکان بەهێزترین پێوەری ژیانێکی درێژو دڵخۆشە.

3ـ دروستکردنی پەیوەندیی نێوان نەوەکان:
کارلێککردن لەگەڵ کەسانی تەمەنی جیاواز مێشک چالاک دەکات‌و هەستی سەر بەبون بەهێز دەکات.

4ـ خۆبەدورگرتن لەهەڵسوکەوتی پڕ مەترسی:
وەک جگەرەکێشان‌و زۆر خواردنەوەی کحول، چونکە بەشێوەیەکی بەرچاو ئەگەری مردنی پێشوەختە زیاد دەکەن.

5ـ خۆبەخشی‌و خزمەتکردنی کۆمەڵگه‌:
پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بەدڵخۆشی‌و کەمبونەوەی خەمۆکی‌و بەهێزکردنی هەستی ئامانجەوە هەیە، خۆبەخشە بەتەمەنەکان ڕێژەی مردنیان کەمترە.

6ـ کات دیاریکردنی ژەمەکان (خواردنی کاتدار):
لەگەڵ پەیڕەوکردنی ڕژێمی خۆراکی دەریای ناوەڕاست، بەڵام کەمکردنەوەی ماوەی خواردن بۆ هەشت کاتژمێر لەوانەیە مەترسی مردن بەنەخۆشییەکانی دڵ زیادبکات، بۆیە بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە.

7ـ پابەندبون بەخەوێکی ڕێکەوە:
خەوی ڕێک (7 بۆ 9 کاتژمێر) "پڕۆگرامی چاککردنەوەی جەستەیە" کە هاوسەنگی گۆڕانی زیندەپاڵ (مێتابۆلیزم) ڕادەگرێت‌و بەرگری بەهێز دەکات، کەمیی خەوی درێژخایەن مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ‌و شەکرە زیاد دەکات.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی