شارپرێس:
بەگوێرەی لێدوانی حسین ئەسعەد، شارەزای کاروباری ستراتیژی، حکومەتی نوێی عێراق ڕووبەڕووی لێکەوتەی مەترسیدار دەبێتەوە ئەگەر پۆستی فەرمی بەو کەسانە ببەخشێت کە نزیکن لە میلیشیا چەکدارییەکانی نزیک لەئێران یان لەلایەن ئەوانە پشتیوانییان لێدەکرێت.
ئەسعەد لە لێدوانێکدا بۆ "بەغداد ئەلیەوم" وتویهتى، "دانانی کەسانی پەیوەست بەباڵە چەکدارییەکانی هێزەکانی نزیک لەئێران لەپێکهاتەی وەزارەتەکاندا، ڕاستەوخۆ کار لەسەر سەقامگیریی ناوخۆ دەکاتو پێگەی عێراق لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لاواز دەکات".
هەروەک جەختیکردوهتەوە، ئەمریکا بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە دژی بەخشینی هەر ڕۆڵێکی فەرمییە بەو کەسایەتیانەی پاشخانێکی چەکدارییان هەیە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا.
بەوتەی ئەو، "پشتگوێخستنی ئەم هەڵوێستە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو واشنتۆن، بەتایبەت لەبواری ئابورییو ئەمنییەتیدا".
بەوتەی ئەو، بەشداریپێکردنی ئەوکەسانە، تەنانەت بەبیانوی سیاسییش بێت، لەئاستی نێودەوڵەتییدا بەچەسپاندنی دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکان لێکدەدرێتەوە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی گۆشەگیریی سیاسییو لێکەوتەی ئابوریی ترسناک.
ئەم هۆشدارییانە لەکاتێکدان کە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت بەردەوامەو واشنتۆن هەرجۆرە هاوکارییەکی ئابورییو ئەمنیی بەدورخستنەوەی میلیشیا چەکدارییەکان لەجومگەکانی حوکمڕانییەوە دەبەستێتەوە.
