وەزیری نەوت زانیاری گرنگ لەبارەی نەوتی كوردستان ئاشكرادەكات

عیراق

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 730 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرایكرد، زیاتر لە 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی جەیهانەوە هەناردە کراوەو دەڵێت، بڕەكەی زیاد دەكەین.


حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بەمیدیای نزیك لەپارتی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکان کراوە، کە تێکڕای هەناردەی ڕۆژانە 200 بۆ 208 هەزار بەرمیل نەوتە.

دەشڵێت، یەکەمین باری نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەرەتای ئەم مانگەدا گەیشتوەتە بازاڕەکانی ئەمریکاو دەشڵێت،" کۆی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئەوروپاو ئەمریکایە."

سەبارەت بەوەبەرهێنان لەگازی هاوەڵ، حەیان عەبدولغەنی ئاماژەی بەوەشکرد،" ڕێژەی وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ لە 35٪ـەوە بۆ 73٪ بەرزبوەتەوەو پلانی وەزارەت ئەوەیە تاوەکو کۆتایی 2029، تەواوی ئەو گازەی کە ئێستا دەسوتێندرێت وەبەرهێنانی تێدابکرێت و سوتاندنی گاز بگەیێننە سفر."

وەزیری نەوت وتیشی،" لەمادەکانی نەوتی سپی و گازوایلدا گەیشتوینەتە ئاستی خۆبژێوی و بەرهەمهێنانی بەنزین گەیشتونەتە 80٪، ئامانجیش ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو لە بەنزینیشدا بگەینە خۆبژێوی تەواو و ئەم هەنگاوانە ساڵانە 5 بۆ 6 تریلیۆن دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێننەوە کە پێشتر بۆ هاوردەکردنی سوتەمەنی خەرج دەکرا."

وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەش کرد، "توانای پاڵاوتنی نەوت لەپاڵاوگەکانی کەربەلا، بێجی و بەسرە گەیشتوەتە 460 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا، بۆ یەکەمجاریش پاڵاوگەی بێجی دەستی کردوە بەبەرهەمهێنانی بەنزین بەئۆکتانی سەروی 95."