هەردی حەسەن ـ شارپرێس
سەرەڕای ڕێکارەکانی خۆپارێزی و بڵاوکردنەوەی ڕێنمایەکانی تەندروستی، یەکەمین حاڵەتی تای خوێن بەربوون لەسنوری دەڤەری ڕاپەڕین تۆمارکرا کە تووشبووەکە گەنجێکی تەمەن 18 ساڵە.
تەها محەمەد ، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەڕین بە شارپرێسـی ڕاگەیاند" دوای ئەوەی گەنجێکی تەمەن 18 ساڵی ڕانیە نیشانەکانی تای خوێنەبەربوونی لێ دەرکەوتن پشکنینەکانی ڕەوانەی شاری سلێمانی کران دەرکەوت کە هەڵگری ڤایرۆسی تای خوێن بەربوون (CCHF)ـە".
وتیشی "ئەوگەنجە تەمەنی 18 ساڵە و دانیشتوی شاری ڕانیەیە، دوای بەدواداچوونەکانی ئێمە دەرکەوت ئەوگەنجە ڕۆژانی جەژنی قوربان یارمەتی خاڵی خۆی داوە کەخاڵی پیشەی گۆشتفڕۆش ( قەساب)ەو لە ئێستادا لە شاری سلێمانی لەژێر چاودێری پزیشکدایەو تەندروستی جێگیرە".
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانیش "ئەمە پێنجەمین حاڵەتی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونە لەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەكرێ، دوو حاڵەتیان لە سنووری دهۆک و سێ حاڵەتیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمار کراون.
نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لەسەر کەسی تووشبوو " سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو ، سکچوون و رشانەوە کە حاڵەتی خوێنبەربوونیشی لەگەڵ دەبێت.
