ڕامی مەخلوف، ئامۆزای بەشار ئەسەد، ڕۆژی یەكشەممە لە پۆستێكدا پێكهێنانی ١٥ فیرقەی سەربازی ڕاگەیاند كە لە ١٥٠ هەزار چەكدار پێكهاتوون بۆ بەرگریكردن لە كەناراوەكان.
مەخلوف پۆستەكەی لە پەیجی تایبەتی خۆیدا بە قسەكردن لەسەر ئەو رەوشەی كە ناوی لێنا "كۆمەڵكوژی كەنار دەریاكان" كە مانگی ئاداری ڕابردوو ڕوویدا لە سۆشیال میدیا بڵاوكردەوە.
ناوبراو كە پێشتر پێشبینی ڕووخانی سوریای كردبوو، پێكهێنانی 15 فیرقەی ڕاگەیاند كە لە 150 هەزار چەكداری هێزی تایبەت پێكدێن، ئەمە جگە لە ژمارەیەكی هاوشێوەی هێزی یەدەگ و لیژنە جەماوەرییەكان كە كۆی گشتییان دەگاتە یەك ملیۆن كەس.
ئەو پیاوە كە پێشتر بەشار ئەسەدی بە بەرپرسیار زانیوە لە تێكچوونی بارودۆخی سوورییەكان، دەڵێت "ئێمە گەلێكین كە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا ستەممان لێكراوە، لە سەردەمی ڕژێمی نوێشدا سەربڕدراین، مافی خۆمانە بەرگری لە خۆمان بكەین لە بەرامبەر هەر كەسێك كە بێت بۆ سەربڕینمان".