دوای گیانلەدەستدانی 28 کەس بەهۆی تەقینەوەکەی دوێنێی بەندەر عەباسی باشوری ئێران، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە چووە شوێنی تەقینەوەکە و ماتەمینی گشتی لەسەرتاسەری وڵات ڕاگەیاند.
فاتیمە موهاجرانی، وتەبێژی فەرمی حكومەتی ئێران بە میدیاكانی وڵاتەکەی راگەیاند، بڕیاریان داوە سبەی دووشەممە لەسەرتاسەری ئیراندا پرسە و ماتەمینیی گشتی بێت، ئەمەش وەك هاوخەمییەكی گشتی بۆ كەسوكاری قوربانییانی تەقینەوەكەی بەندەری شەهید رەجائی لە شاری بەندەر عەباس.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ شەممە تەقینەوەیەکی بەهێز لەشاری بەندەر عەباس ڕویدا، بەپێی نوێترین ئامارەکانیش تاکو ئێستا 28 كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار و 100 کەسیش برینداربون.
سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، گومان دەکرێت هۆکاری تەقینەوەکە عەمبارکردنی کۆمەڵێک ماددەی تەقەمەنی کیمایی لە بەندەرەکە ڕویدابێت.