ئەمڕۆ یەكشەممە، لە عەممانی پایتەخت سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شای ئوردن كۆبووەوە و رایگەیاند "پابەندین بە بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئوردن".
نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێكدا رایگەیاند "ئەمڕۆ لە عەممان لەگەڵ خاوەنشكۆ شا عەبدوڵڵای دووەم كۆبوومەوە. سوپاسی خاوەنشكۆ و خەڵكی شانشینی ئوردنم كرد لە بەرامبەر پێشوازییە گەرم و میواندۆستییە مەزنەكەیان و پشتیوانیی بەردەوامیان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان".
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت "پێزانینی قووڵی خۆم بۆ هەڵوێستەكانی شانشینی ئوردنیی هاشمی لە پشتگیری بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دەربڕی، هەروەها پەیوەندییە مێژوویییەكان و دۆستایەتیی نێوان هەردوولای بەرز نرخاند".
لەلای خۆیەوە شا عەبدوڵڵای دووەم خواستی وڵاتەكەی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان و هاوكاریی هاوبەش لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا دووپات كردەوە، هەروەها داكۆكیی لە پابەندیی ئوردن بۆ پشتگیریی هەر هەنگاوێك كرد كە ئاسایش و سەقامگیری و پێشكەوتن بۆ گەلانی ناوچەكە بەهێز بكات.