دادگای فیدراڵی عێراق له‌باره‌ى پڕۆژه‌ى هەژماری من-ه‌وه‌ بڕیاریدا

کوردستان

02/07/2024‌ 10696 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دادگای فیدراڵی لەوەڵامی نوسراوێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕەزامەندی لەسەر پرۆسەی بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەبانکەکانی (هەژماری من) دەدات‌و ده‌ڵێت:"هه‌ژمارى من یاساییه‌".


سەرۆکی دادگای فیدراڵی جاسم محەمەد عەببود لەنوسراوێکدا کە ڕۆژی 1ى 7ى 2024 ئاراستەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردوە ئاماژەی بەوەداوە، به‌گوێره‌ى بڕیاری دادگای فیدراڵی، پرۆسەی بەبانکیکردن هەموو بانکە حکومییەکان‌و هەموو ئەو بانکانە دەگرێتەوە کە لەلایەن بانکیی ناوەندی عێراقەوە ڕەزامەندییان لەسەردراوە.

نوسراوەکەی دادگای فیدراڵی ئاماژە بەلیستێکی هاوپێچی بانکیی ناوەندی عێراق دەکات کە ناوی 66 بانکی تێدایە کە لەعێراق‌و هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بەو بانکانەشەوە کە لەپرۆسەی (هەژماری من) بەشدارن.

ژمارەی بانکە بەشداربوەکانی پرۆژەی هەژماری من تائێستا هەشت بانکەو هەریەکە لەبانکەکانی، ئاڕتی، جیهان، بەغدا، بی بی ئەی سی (بانكێكی لوبنانییه‌)، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکیی ئیسلامیی عێراقی، بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI)و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) لەخۆدەگرێت.

به‌گوێره‌ی ئامارەکانی حكومه‌تی هه‌رێم، تائێستا زیاتر لە 400 هەزار موچەخۆر، خۆیان لەپرۆژەی هەژماری من تۆمارکردوەو 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن‌و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.